حەشدی شەعبی گەڕەکێکی عەرەبی لە کەرکووک دروست دەکات

 حەشدی شەعبی گەڕەکێکی عەرەبی لە کەرکووک دروست دەکات
چەکدارانی حەشدی شەعبی بەردەوامن لە گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکووک و گەڕەکێکی عەرەبنشین دروست دەکەن.



بەپێی زانیارییەکان، راکان جبوری، پارێزگاری حەشدی شەعبی لە کەرکووک پاڵپشتیی ئەو هەوڵەی چەکدارانی حەشدی عەشایەری دەکات، بۆ کەمکردنەوەی رێژەی کورد لە شارەکە.



حەشدی عەشایەری میلیشیایەکی حەشدی شەعبییە و چەکدارەکانی عەرەبی سوننەمەزهەبی شارەکانی باکووری بەغدان و بە مەبەستی بە عەرەبکردنەوە (تەعریب)ی کەرکووک، دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک نیشتەجێ کراون.



سەرچاوەیەک لە ئیدارەی پارێزگای کەرکووک بە (باسنیوز) راگەیاند، ئەو چەکدارانەی حەشدی عەشایەری لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی وەزارەتی دارایی خانوو بۆ خۆیان دروست دەکەن و پارێزگاری ناشەرعیی کەرکووکیش پاڵپشتییان دەکات و رێگاوبان و ئاویان بۆ دابین دەکات.



دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر، حکوومەتی عێراق دەستی بە پرۆسەی بە عەرەبکردنەوەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە کردەوە.



ئەمڕۆ پێنجشەممە 15/11/2018، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووک لە لێدوانێکدا رایگەیاند، دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر، حکوومەتی عێراق بە هێنانی عەرەبی شیعە و سوننە بۆ کەرکووک و دەرکردنی هاووڵاتییانی کورد، دەستی بە پرۆسەی بەعەرەبکردنی کەرکووک کردووەتەوە.



ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، کەرکووک، خورماتوو و ناوچەکانی دەوروبەری كه‌وتنە ژێر ده‌ستی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق، دواتر هه‌ریه‌ك له‌ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتی و شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ئاشكرایان كرد كه‌ گرووپێكی نێو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌مه‌دا به‌رپرسیارن و ڕێككه‌وتنی ژێربه‌ژێریان له‌گه‌ڵ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق كردووه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ سه‌دان پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتی شه‌هید و بریندار بوون و نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌سیش ئاواره‌ بوون.





باسنیوز
Top