بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی، بەركەوتووانی چەكی كیمیایی دەنێردرێنە ‌دەرەوەی وڵات

 بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی، بەركەوتووانی چەكی كیمیایی دەنێردرێنە ‌دەرەوەی وڵات
بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ناردنەدەرەوەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی بۆ چارەسەری پزیشكی، دەست پێدەكاتەوە.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێ، داوایان لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ناردنەدەرەوەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی دەست پێبكاتەوە و‌، سەرۆكوەزیرانیش بە دەم داواكەیانەوە چووە.

وەك عەبدولقادر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، نێچیرڤان بارزانی بڕیاری داوە بەوەی كە لیژنەیەك پێك بهێندرێت لە وەزارەتی دارایی و تەندروستی و كۆمەڵەی قوربانیان، ئەمەیش بۆ دەستنیشانكردنی ئەو بەركەوتووانەی پێویستییان بە چارەسەرە لە دەرەوەی وڵات.

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە زانیارییشی دا، كە ڕۆژی شەممەی حەفتەی دابێ لەگەڵ وەزیری تەندروستیدا كۆ دەبنەوە و‌، لیژنەیەكی شارەزا پێك دەهێنن بۆ پشكنینی بەركەوتووان و ئەوانەی پێویستییان بە چارەسەرە ڕەوانەی ئێران دەكرێن.

لە ‌ساڵانی ڕابردوودا كە بەركەوتووانی چەكی كیمیایی نێردراونەتە دەرەوە بۆ چارەسەر، چەندین ناڕەزایی لێ كەوتووەتەوە، لەو بارەیەوە سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە گوتی: "لە سەرەتای بڕیاری ناردنەدەرەوەی بەركەوتووان بۆ ئێران، وەرگرتنی چارەسەر بێگرفت بەڕێوە دەچوو، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدان لە سلێمانی سەرپەرشتیی ناردنەدەرەوەی بەركەوتووان دەكرا، ئەوە بوو بەركەوتووو هەبوو چەندین جار ڕۆییشتبووە دەرەوە، بەركەوتوویش هەیە پێویستی بە چارەسەرە، بەڵام نەنێردراوە، هەر لە لیستی بەركەوتوواندا هەیە كە بەركەوتووی چەكی كیمیایی نییە، بۆیە سوپاس بۆ سەرۆكی حكوومەت كە بڕیاری دا جارێكی دیكە نوێنەری كۆمەڵە لە لیژنەی ناردنەدەرەوەی بەركەوتوواندا بوونی هەبێت، ئەمەیش بۆ چارەكردنی ئەو گرفتانەیە".

عەبدولقادر دەشڵێ: "لە لیستێكدا كە پێشتر ئامادە كراوە، ناوی 970 بەركەوتەی چەكی كیمیایی هەیە،‌ لە كاتێكدا ساڵی 2009 لە لایەن پزیشكێكی پڕۆفیسۆری بیانییەوە 715 كەس پشكنینیان بۆ كراوە و دەركەوتووە كە 254 كەسیان بەركەوتووی چەكی كیمیایی بوون بە فیعلی، بۆیە دەمانەوێت لیستی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی پاك بكەینەوە".
kdp-
Top