ئێمنکی: خولی داهاتووی پەرلەمان لە خولی ڕابردوو بەهێزتر دەبێت

	 ئێمنکی: خولی داهاتووی پەرلەمان لە خولی ڕابردوو بەهێزتر دەبێت
جەعفەر ئیمنکی پێی وایە خولی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە خولی پێشوو بەهێزتر دەبێت و هۆکارەکەیشی دەگەڕێنێتەوە بۆ باشبوونی بوودجە، هاوکات پڕۆژەی چاكسازیی كارگێڕیی بنەڕەتی، کە یەكێكە لە ئامانج و ئامرازە گرینگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕووی دووبارەبنیادنانەوەی هەیکەلییەی حکوومەت و وەزارەتەکان.

لە دیمانەیەکیدا بۆ گۆڤاری گوڵان، جەعفەر ئیمنکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی خولی چوارەم، ڕایگەیاندووە: "ئەركی خولی پێنجەمی پەرلەمان قورس دەبێت، بەڵام من دڵنیام ئەو بارودۆخە سەخت و پڕ قەیرانەی خولی چوارەم پێیدا تێپەڕی، خولی پێنجەم پێیدا تێناپەڕێت، لە خولی چوارەم زۆر سەركەوتووتر دەبن".

ئێمینکی هۆکاری سەرکەوتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانیش بۆ دوو خاڵی گرینگ دەگێڕێتەوە و نموونە بە چارەکردنی قەیرانی دارایی دەهێنێتەوە کە بە ڕادەیەكی زۆر باش چارە كراوە و هەوڵی نێچیرڤان بارزانی و ستافەكەی بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لە ماوەیەكی پێوانەییدا لەو قەیرانە داراییە ڕزگار بكەن، بەرز دەنرخێنێت. هەروەها بۆچوونیشی وایە لە ماوەی 5 تا 6 مانگی داهاتوودا، قەیرانی دارایی بە تەواوەتی كۆتایی بێت و بارودۆخی داراییی كوردستان بگەڕێتەوە پێش كاتی دروستبوونی قەیرانەكە.

ناوبراو، پڕۆژەی چاكسازیی كارگێڕیی بنەڕەتیش بە یەكێك لە ئامانج و ئامرازە گرینگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ کابینەی داهاتوو بەرز دەنرخێنێت، هاوکات دڵنیاشە پەرلەمانی كوردستان لەم خولەدا، وەك پرۆژەیەكی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ دەكەن. "بە ڕاستیش پڕۆژەیەكی نیشتمانییە، ئەوەی لەم پڕۆژەیەدا هاتووە، كۆی چاكسازیی بنەڕەتی لە هەیكەلی ئیداریی حكوومەت لەخۆی دەگرێت، چۆن وەزارەتەكان كەم دەكرێنەوە و تێكەڵی یەكتری دەكرێن، ئەمانە هەمووی پێویستیان بەوەیە، کە یاسایان بۆ دەربكرێت، وای دەبینم كە خولی ئەم جارەی پەرلەمان پشتگیری لەم پڕۆژەیە دەكات و سەركەوتووانە پشتگیری هەوڵەكانی حكوومەت دەكات".

ئەو گەشبینە بە پڕۆژەی چاکسازیی ئیداری و لە چاوپێکەوتنەکەشیدا بۆ گۆڤاری گوڵان، پڕۆژەکە بە پڕۆژەیەكی لۆكاڵی و ئەزموون و ئەقڵی ئەو خەڵكانە ناو دەبات، كە لە بواری كارگێڕی ئەزموونیان هەیە و لە ئەنجامی پراكتیكی كارگێڕییەوە هەڵە و كەموكورتییەكانیان دەستنیشان كردووە، پڕۆژەکەش بە جێپەنجەی ستافی كارگێڕیی سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر و دهۆك باس دەکات، کە لە هەموو بوارەكاندا و لەوانەوە هاتوون و پوخت كراوەتەوە و گەڵاڵە كراوە.

لەگەڵ ئەنجامدانی چاكسازیی كارگێڕیی بنەڕەتی بە شێوەیەكی سەركەوتوو ڕەنگدانەوەی لەسەر هەموو سێكتەرەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستاندا دەبێت، باری سەر شانی پەرلەمان و حكوومەت و هاووڵاتیش سووك دەكات. جێگری خولی چوارەمی پەرلەمان وای گوتووە.

بەرزكردنەوەی درووشمی كوردستانێكی بەهێز، لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، لای جەعفەر ئیمنکی، بەو مانایە نییە، كە هەرێمی كوردستان لاوازە و دەیانەوێت بەهێزی بكەن، ناوبراو نموونە بە قسەی دۆست و دوژمن دێنێتەوە، کە هەرێمی كوردستان بەهێزە و دەیانەوێت بەهێزتری بكەن. دەشڵێ: "لە سەردانی ئەم دواییەمدا بۆ نەجەف، كە خەڵكانێكمان لەگەڵدا بوو و خۆیان بە نەیاری سیاسیی پارتی دەزانن، لەبەرچاوی ئەوان، زۆر ڕاشكاوانە پێیان گوتین: "هەرێمی كوردستان لە وەزعێكی زۆر باشدایە" و زۆریش سەرسام بوون بە بارودۆخی كوردستان، بۆیە ئەوانەی خۆیان بە نەیاری سیاسیی پارتی دەزانی، كە گوێیان لەم قسانە دەبوو، پێیان ناخۆش بوو، بەڵام ئەوە واقیعە، كە بە ڕاستی هەرێمی كوردستان بەهێزە و زۆر بنەمای بە هێزتریشی هەیە بۆ ئەوەی بەهێزتری بكەین".

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا ناوبراو پێی وایە، لەبەر ئەوەی زەمینەیەک هەیە، ئەوا بە گەشبینییەكی زۆرەوە دەڵێ: "ئەو كوردستانە بەهێزەی پارتی لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بانگەشەی بۆ دەكرد، كارێكی قورس نییە و لە ماوەیەكی پێوانەییدا سەرەتاكانی دەردەكەون"
kdp-
Top