هۆزە عەرەبەکان: کردەوەکانی حکوومەتی عێراق هۆکاری سەرهەڵدانەوەی داعشن

	 هۆزە عەرەبەکان: کردەوەکانی حکوومەتی عێراق هۆکاری سەرهەڵدانەوەی داعشن
گوتەبێژی هۆزە عەرەبەکانی ناوچە جێناکۆکەکان دەڵێت، کردەوەکانی حکوومەتی عێراق بوونەتە هۆکاری سەرهەڵدانەوەی داعش.

ئێستا جموجووڵەکانی داعش لە چەندین ناوچەی عێراق و لە هەندێک ناوچەی جێناکۆکیش هەن، لەو بارەیەوە، مزاحم ئەلحوێت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "داعش ڕووبەرێکی زۆری لە چەند ناوچەیەک گرتوونەتەوە دەست و هۆکاری سەرهەڵدانەوەیشی حکوومەتی عێراقە."

بە گوتەی ئەلحوێت، لە چەند ناوچەی کەرکووک و چەند ناوچەیەکی تری ناوچە جێناکۆکەکان داعش سەری هەڵداوەتەوە و ئەمەش لەبەر کردەوەکانی حکوومەتی عێراقە کە بە شێوەیەکی تائیفییانە بەرامبەر بە خەڵک دەیانکات.

ئەلحوێت، دەڵێت: "ئەو ڕووداوانەی بەم دواییانە لە کەرکووک ڕوو دەدەن بە ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٤ی کەرکووک دەشوپهێنێت کە لە لایەن داعشەوە بەدی دەهاتن."

ئەلحوێت ئاماژەیشی دا: "ئێستا هەندێک ناوچە لە لایەن داعشەوە نیمچەداگیرکراون، چونکە شەوانە لە دەست ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەدان."

ئەلحوێت دەشڵێت: "ئەو ناوچانە بەبێ پێشمەرگە و حکوومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک ئارامی بەخۆوە نابینن، دەبێ پێشمەرگە ئاسایشی ئەو ناوچانە دابین بکات."

kdp-
Top