لە سلێمانی دوو کەس خۆیان سووتاند
لەمبارەیەوە نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ڕايگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە 14/11/2018 دوو ھاووڵاتیی شاری سلێمانی لە دوو شوێنی جیاوازدا، ئاگریان لە جەستەی خۆیاندا بەرداوە".
گوتیشی: "یەکێک لەو کەسانەی خۆی سووتاندوە، پیاوێکە لە دایکبووی ساڵی 1959یە و پێشتر کێشەی لەگەڵ خێزانەکەی ھەبووە و قەرزار بووە، خانوویەکی ھەبووە و خستوویەتییە ڕەھنەوە و ویستوویەتی بیفرۆشێت، بەڵام دوای ئەوەی ڕازینەبوونە بە فرۆشتنی خانووەکە، ئەمڕۆ لە شاری پزیشکان لە نزیک نەخۆشخانەی شۆڕش بەنزینی کردووە بەخۆیدا و خۆی سووتاندوە"، باسی لەوەش کرد: "ڕێژەی سووتاویەکەی زۆرە و 90%ی جەستەی سووتاوە، ئێستاش چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرێت".
نەقیب سەرکەوت ئاماژەی بەوەش دا: "ھەر ئەمڕۆ لە نزیک تەلاری ھونەر لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود، گەنجێک ھەوڵی خۆسووتاندنی داوە و نەوتی کردووە بە جەستەیدا، بەڵام ھێزەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە لای و رێگەیان نەداوە خۆی بسووتێنێت، بەڵام ڕەوانەی نەخۆشخانەی (شار) کراوە".
باسنيوز
