شاندی پارتی سەردانی ئەو حزبانەش دەکات کە بەشداری لە حکوومەتدا ناکەن

 شاندی پارتی سەردانی ئەو حزبانەش دەکات کە بەشداری لە حکوومەتدا ناکەن
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە هەفتەی داهاتوو شاندی حزبەکەی سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات، لەنێویشیاندا ئەو لایەنانەی کە بەشداری لە حکوومەتدا ناکەن.



بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”بەپێی زانیارییەکانی من، شاندێک بۆ سەردانیکردنی لایەنە سیاسییەکان دەستنیشان کراون، بەڵام نازانم ئایا سەرەتا سەردانی یەکێتی دەکەن یان دەچنە لای لایەنەکانی دیکە، بەدڵنیاییەوە بەرنامەیەک بۆ ئەوە دادەنرێت“.



ئەوەشی خستە ڕوو، ئامانجی شاندەکە ئەوەیە کە بزانن کێ بەشداری لە حکوومەتدا دەکات و بۆچوونیان چییە؟ بۆیە ”لە نزیکترین کاتدا دیدارەکان دەست پێ دەکەن“.



ئەو بەرپرسەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشبینی ئەوە دەکات، لە هەفتەی داهاتووەوە کۆبوونەوەکان دەست پێ بکەن و ”بە دڵنیاییەوە نێچیرڤان بارزانی لەو شاندەدا دەبێت کە سەردانی لایەنەکان دەکەن“.





باسنیوز
Top