مامۆستایەکی زانکۆی هەڵەبجە: پۆستەکانی زانکۆکە بەحزبی دەکرێن
پرۆفیسیۆری یاریدەدەر د. توانا وەھبی، مامۆستای زانکۆی ھەڵەبجە، ڕاگەیاند: "بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکانی (١- یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی ھەڵەبجە بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی. ٢- یاردەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خویندنی باڵا. ٣- ڕاگری کۆلیژی پەروەردەی وەرزش)، لە مانگی ٧ـی ٢٠١٨ ئاگاداری کرا و ژمارەیەکی بەرچاویش لەخەڵک بۆ ئەو پۆستانە سیڤییان پێشکەش کرد“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دوای سێ مانگ لەو ئاگادارییە، ڕۆژی ٢٨/١٠/٢٠١٨، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، ڕۆژی ٤/١١/٢٠١٨، فەرمانی وەزاری بۆ سێ کەس دەرکراوە کە بەوەکالەت ئەو پۆستانە بەرێوەببەن و دوایی بکرێنە فەرمی. لەمبارەیەشەوە گوتی: ”بەڕاستی ئالیەتی دانانیان ھەڵەیە".
ئەو مامۆستایەی زانکۆی ھەڵەبجە، ئەوەشی خستە ڕوو، کە پێشتر ”حزبی دەسەڵات لە ھەڵەبجە“ ھەندێک لە پۆستەکانی زانکۆی ھەڵەبجەی بە حزبی کردووە. گوتیشی: ”ئێستا بە چڕتر کار لەسەر قۆخکردنی پۆستەکان دەکات و ئەم جۆرە کارانەشیان بەشێکە لەو ھەنگاوانەی کە هەڵیانناوە“. دەشڵێت: ”بە بۆچوونی منیش زانکۆی ھەڵەبجە بەو ئاراستەیە دەڕوات، کە ئەو کەسانەی سەر بە حزبی دەسەڵاتدار نەبن، لەمەودوا بەرە بەرە دوور دەخرێنەوە".
لە بەرامبەردا تەحسین عەبدولکەریم، سەرۆکی زانکۆی ھەڵەبجە بۆ (باسنیوز) ڕەتی کردەوە پۆستەکانی زانکۆکە بە حزبی کرا بن و باسی لەوە کرد کە گوایە دانانی ئەو بەرپرسانە لە ڕێگەی چاوپێکەوتن و سیڤییەوە بووە. گوتیشی: ”مەرجەکان ئەوە بووە کە ١٠ ساڵ خزمەتی زانکۆییت ھەبێت و پڕۆفیسیۆری یاریدەدەر بی، کارمەندی دەوڵەت بیت و سیڤییەکەت بەھێز بێت".
سەبارەت بە کاریگەریی حزب لە دانانی پۆستەکانی زانکۆی ھەڵەبجە، سەرۆکی زانکۆکە دەڵێت: ”ئەو قسانە لە ھەموو شوێنێک دەوترێت، بەڵام ھەموو ئەو قسانە ڕەت دەکەینەوە و ھیچ کارێکی لەو شێوازە نەکراوە".
باسنیوز
