كۆمسیۆن دەستبەكار دەبێتەوە و ئامادەكارییش بۆ دیاریكردنی وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكات

كۆمسیۆن دەستبەكار دەبێتەوە و ئامادەكارییش بۆ دیاریكردنی وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكات
جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق گوتی، ئەمڕۆ كۆمسیۆن بە فەرمی دەست بە كارەكانی دەكاتەوە و، لە یەكەم ھەنگاویشدا پارەی كارمەندانی سەر سندووقەكانی دەنگدان خەرج دەكات و ئامادەكارییش بۆ دیاریكردنی وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكات.

رزگار حاجی حەمە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا كارەكانی ئێمە راگیرابوون، ئەمڕۆ دەست بە كارەكانمان دەكەینەوە و لە یەكەم ھەنگاویشدا پارەی كارمەندانی سەر سندووقەكانی دەنگدان لەرۆژی ھەڵبژاردنەكان لە عێراق و ھەرێمی كوردستان و ئەو كۆمپانیایانەی گرێبەستمان لەگەڵیان ھەبووە، دابەش دەكەین".

حاجی حەمە گوتیشی: "ھەر ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكەین و بزانین لە ڕووی تەكنیكییەوە دەتوانین بە چەند مانگ خۆمان ئامادە بكەین بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، بۆیە لە ماوەی دوو حەفتەی دابێ بە نووسراوێكی فەرمی حكوومەت ئاگادار دەكەینەوە كە دەتوانین لە ماوەی 9 بۆ 11 مانگ ھەڵبژاردنەكە ئەنجام بدەین".

دەشڵێ: "ئێمە بەپێی ماددەی ١٠٢ی دەستووری عێراق، سەر بە ئەنجوومەنی نوێنەرانین، ھەر بۆیەیش بە بڕیاری ئەوان و لە كۆبوونەوەی پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دەستبەكاربوونمان دراوە و دەستمان بە كارەكانی خۆمان كردووەتەوە، لە ئێستایشدا ھیچ بەربەستێك لە بەردەم دەستبەكاربوونەوەی ئێمەدا نییە و لە كاری خۆمان بەردەوام دەبین".
kdp-
Top