پێشمەرگە و ئاساییش، پۆلیس، بە دوای یاساشكێناندا دەگەڕێن.. ١٣٧ تۆمەتبار دەستگیر كراون
دوای چەند رووداوێكی كوشتن و زیادبوونی دیاردەی ھەڵگرتنی چەكی بێمۆڵەت، ھێزە ئەمنییەكانی ھەولێر ھەڵمەتێكی داماڵینی چەكی بێمۆڵەتیان دەست پێكردووە. رائید ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ھێزە ئەمنییەكان بەردەوام بە دوای ئەو كەسانەوەن كە بە بێ ھەبوونی ھیچ بەھانەیەك و مۆڵەتی فەرمی، چەك هەڵدەگرن، لەو چوارچێوەیەدا لیژنەیەكی ھاوبەش لە دەزگای ئاساییش و پۆلیس و ھەواڵگریی پێشمەرگە پێك ھاتووە و دەستیان بە كار كردووە بۆ لەناوبردنی چەكی بێمۆڵەت و دەستیگركردنی ئەو كەسانەی یاسا دەشكێنن".
پێش ماوەیەكیش ھێزە ئەمنییەكان لە ئاساییش و پۆلیس، توانیویانە دەیان تۆمەتبار دەستیگر بكەن و دەستیش بەسەر دەیان پارچە چەكی بێمۆڵەتدا گیراوە. گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ماوەیەكە بە ھۆی چەند رووداوێكەوە ھەست دەكەین دیاردەكە زیادی كردووە و شەوانە مەفرەزەی ھاوبەشی پۆلیس و ئاساییش و پێشمەرگە كێوماڵی شاری ھەولێر و دەوربەری دەكەن بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران و دەستگرتن بەسەر چەكی بێمۆڵەتدا".
پێشتر دكتۆر تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاساییشی ھەولێر، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاشكرای كردبوو: "ھێزەكانی ئاساییش رێگە بە ھیچ كەسێك نادەن مافیائاسا یاساشكێنی بكەن و لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەك لەوانەی پێیان دەگوترێت شەقاوە و رێگر، دەستگیر كراون".
رائید ھۆگر گوتیشی: "تەنیا لە چەند رۆژی رابردوودا بە ھەماھەنگیی دەزگا پەیوەندارەكان، مەفرزەكانی ھێزە ئەمنییەكان توانیویانە ١٣٧ تۆمەتبار دەستگیر بكەن و دەستیش بەسەر زیاتر لە ٣٠ پارچە چەكدا گیراوە، كە چەكە گیراوەكان ھەمەجۆرن و لە چەكی سووك و مامناوەند پێك ھاتوون، ھەڵمەتەكەیش بەردەوام دەبێت تا بتوانین رێگری لە سەرپێچیكاران بكەین و تۆمەتباران بدەینە دەست یاسا و دادگا بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی خۆیان".
kdp-
