مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە و شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی 66 كۆ بوونەوە

	 مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە و شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی 66 كۆ بوونەوە
لە مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، پێشوازی لە شاندێكی باڵا و فراوانی پارتی دیموكراتی 66، كە هاوبەشن لە حكوومەتی هۆڵەندا، كرا.

لە مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی فراوانی پارتی دیموكراتی 66ی هۆڵەندا بە سەرۆكایەتیی لیدوین ڤان لانگەن، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی ناوبراو و سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەڕلەمانی هۆڵەندا كرا.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی هۆڵەندای كرد بۆ هاوكاری و هاوسۆزییان لەگەڵ گەلی كوردستان.

سیوەیلی، باسی بارودوخی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراقی بۆ شاندی میوان كرد و ڕایگەیاند، بارودوخی ئێستای عێراق بە قۆناغێكی هەستیار و گرینگدا تێدەپەڕێت و پێویستی بە عەقڵییەتێكی نوێ و جیاواز لە حكوومەتەكانی پێشووتر هەیە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لە نیوان پێكهاتەكان و بەدەستهێنانی سەقامگیری لە وڵاتدا. لە ئەنجامی هەڵبژادنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12-5-2018 گۆڕانكاریی بەرچاو لە نەخشەی سیاسیی عێراق هاتووەتە پێش و پێویستە لایەنە سیاسییەكان كار و بەرنامەیان لەسەر داخوازییەكانی خەڵك و ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە بێت كە ئەویش سەقامگیریی سیاسی، ئاساییشی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییە.

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی، جەختی لە گرینگیی باشبوون و بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ كردەوە، كە گاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی هاووڵاتیان. پێشێلكردنی دەستوور و بڕیاری نایاسایی و جیاكاریی حكوومەتەكانی پێشوو، بووە هۆكاری تێكچوونی پەیوەندییەكان و سەرهەڵدانی گرووپە توندڕەوەكانی وەكوو دەوڵەتی ئیسلامی، كە بەشێك لە خاكی عێراقیان داگیر كرد و بوونە هۆكاری نەهامەتی و ئاوارەبوونی ملیۆنان كەس. ئێستا دەرفەتێكی نوێ هاتووەتە پێش و پێویستە هەمووان هەماهەنگ و هاوكار بین تاكو مافە رەوا و دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان و عێراقیش فەراهەم بكرێت، حكومەتی فیدراڵییش دەبێت واز لە سیاسەتی جیاخوازی و بڕینی قوتی خەڵكی كوردستان بهێنێَت.

لیدڤین ڤان لانگەن، بە ناوی شاندی میوانەوە سوپاسی ئەو پێشوازییەیان كرد و پیرۆزباییان لە پارتی كرد بۆ بەدەستهێنانی متمانەی زۆرینەی دەنگی خەڵكی كوردستان بۆ پەرلەمانی كوردستان و سەركەوتنیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

لانگەن، ئەوەیشی خستە ڕوو كە پارتەكەی ئەوان خۆشحاڵە لە بەرەوپێشەوەچوونی بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتیدا، هەر ئەمەیش وای كردووە كە پارتی دیموكراتی 66 و حكوومەتی هۆڵەندایش بە بایەخەوە لە پەیوەندییەكان بڕوانن و هەوڵی فراوانكردن و بەهێزكردنیان بدەن و گوتی: "بۆ ئەمەیش ئێمە وەك پارتی 66 لەنێو حكوومەتی هۆڵەندادا، هەموو پاڵپشتییەك لەو ئامانجەی دەكەین و كار دەكەین كە پاڵپشتیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەهێزتر و فراوانتر بێت".
kdp-
Top