داعش لە سنوورەکانی دەرەوەی هەرێم سەری ھەڵداوەتەوە

داعش لە سنوورەکانی دەرەوەی هەرێم سەری ھەڵداوەتەوە
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، داعش بە شێوەیەکی بەرچاو لە ھەموو سنوورەکان سەری ھەڵداوەتەوە و بووەتە مەترسییەکی جددی، بۆیە پێویستە ھاوپەیمانان بێنە سەرخەت و کارێک بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لەوەی وەکو پێشتر بەھێز ببنەوە.




لیوا سالار جەباری، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داعش جارێکی دیکە لە ھەموو سنوورەکان سەری ھەڵداوەتەوە، لە سنوورەکانی عێراق و ھەرێم، لە حەمرین و مەخموور و ناوچەکانی دیکە. بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە ھاوپەیمانانمان ئاگادار کردووەتەوە و خۆیشیان وەکو ئێمە ئاگادارن."



لیوا سالار جەباری گوتیشی: "داعش بووەتە مەترسییەکی جددی و ئەگەر ڕێگرییان لێ نەکرێت دەست بە نانەوەی ئاڵۆزی دەکەنەوە ، بۆیە ئێمە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە باش خۆمان ئامادە کردووە و ڕێگەمان نەداوە دزە بکەنە ناو ھەرێمی کوردستان و لە ھەر شوێنێکیش بزانین هەن، لێیان دەدەین."



جەباری باسی لەوەش کرد: "لە هەر شوێنێک پێشمەرگەی لێ بووە و کشاوەتەوە لە کەرکووک و خانەقین و کفری و کەلار و مەخموور، لە ھەمووی داعش سەری ھەڵداوەتەوە و ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبیش نەیانتوانیوە بۆشاییەکە پڕ بکەنەوە، بۆیە داعش بە ئارەزووی خۆی تەڕاتێن دەکات و ڕۆژانە خەڵک دەکوژن و دەیانڕفێنن و کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن."



جەباری گوتیشی: "پێویستە ھاوپەیمانان بێنە سەرخەت، مەترسییەکی گەورە لەو سنوورانە ھەیە و ناکرێ بەوجۆرە بێدەنگی ھەڵبژێرن و پێویستە کارێک بکرێت بۆ ئەوەی وەکو پێشتر داعش بەھێز نەبێتەوە."
kdp-
Top