ئایا ناوەندی بڕیار لەنێو یەکیتی سەرهەڵدەداتەوە؟

 ئایا ناوەندی بڕیار لەنێو یەکیتی سەرهەڵدەداتەوە؟
بەهۆی بەردەوامیی هەوڵەکانی بنەماڵەی تاڵەبانی بۆ لاوازکردنی پێگەی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی ناوەندی بڕیار لەنێو یەکێتی هەیە.

بەپێی زانیارییە تایبەتەکان، لە ماوەی ڕابردوودا پاڤڵ تاڵەبانی، کوڕی گەورەی جەلال تاڵەبانی و بەشێکی دیکە لە بنەماڵەی تاڵەبانی، بەبێ گوێدانە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی و پەیکەربەندیی حزبایەتی، چەندان بڕیاری داوە و لە کۆبوونەوەی جۆراوجۆریشدا وەک کەسێکی خاوەن دەسەڵاتی سەرەتا و کۆتایی لەنێو حزبەکەیدا هەڵسوکەوتی کردووە، ئەمەش لەلایەن باڵەکانی دیکەی یەکێتییەوە بە پشتگوێخستنی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی و باڵەکەی لێکدراوەتەوە. بۆیە ئەگەر هەیە ناوەندی بڕیار لەنێو یەکێتیدا جارێکی دیکە درووست ببێتەوە، بەڵام ئەمجارە گرووپەکەی بەرهەم ساڵحیان لەگەڵدا نابێت، بەڵکوو بەشێک لەو کەسانەی کە پێشتر لەگەڵ باڵی دەستڕۆیشتوو و گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیدا بوون و لە ئەنجامی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح و باڵەکەی نیگەران بوون، ئەگەر هەیە بچنە نێو ناوەندی بڕیارەوە.

لەلایەن خۆیەوە ڕەھبەری سەید براھیم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: "ئاگاداری ئەوە نیم کە دەسەڵاتەکانی کۆسرەت ڕەسوڵ لاواز کرابێت، بەڵام کاک کۆسرەت کەسی یەکەمی ناو یەکێتییە و بەپێی پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆی یەکێتی، ھەموو بڕیارێکی سکرتێری گشتی بەدەستەوەیە“.

جەختیشی کردەوە: ”کوڕەکانی مام جەلال لای ئێمە ڕێزلێگیراون و ئەوانیش حەزدەکەن یەکێتی گەشە بکات، بەڵام کاک کۆسرەت کەسی یەکەمە و ئەو خاوەن بڕیارە“.

ڕەھبەری سەید براھیم باسی لەوە کرد کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، ”کەس بۆی نییە دەسەڵاتەکانی کۆسرەت ڕەسوڵ بەکاربھێنێت“، بۆیە لەناو یەکێتیدا جگە لە واژۆی کۆسرەت ڕەسووڵ و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، ”کار بە واژۆی ھیچ کەسێکی دیکە ناکرێت“، بەڵام زیاتر واژۆی کۆسرەت ڕەسووڵ کاری پێ دەکرێت، چونکە ئەو جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتییە.

لەلایەکی دیکەوە بەرھەم مستەفا، چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: "کێشەی یەکێتی ئەوەیە کۆنگرە نابەستێت، بێگومان کێشەکانی یەکێتی زەق بوونەتەوە، بەڵام یەکێتی ناوێرێ خۆی لە قەرەی کۆنگرە بدات“.

جەختیشی کردەوە کە سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و بڕیار بەدەستەکانی ئەو حزبە لەڕووی یاساییەوە ماوەیان بەسەرچووە، چونکە ”یەکێتی کۆنگرەی نەبەستووە، بۆیە شەرعیەتی کەسیان لە کەسێکی دیکە زیاتر نییە“.

ئەو چاودێرە سیاسییە پرسیاری ئەوەی کرد کە ئاخۆ کەسانێک لە کاتێکدا هیچ پۆستێکی حزبییان نیە، چۆن لەنێو یەکێتییەوە وەک کەسی بڕیاربەدەست دەبینرێن؟ بۆیە دەڵێت: ”ئەمە پێیمان دەڵێ کە ئەو حزبە بەرەو بنەماڵەیی یەکجارەکی ھەنگاو دەنێت“.

بەرهەم مستەفا پێیوایە لەنێو یەکێتیدا ”ھەوڵی ئەوە دەدرێ، پێگەی کۆسرەت ڕەسووڵ لاواز بکرێت“. ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کەسە باڵاکانی نێو یەکێتی، بەدوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەگەڕێن.

باسیشی لەوە کرد کە ئەگەری درووستکردنەوەی ناوەندی بڕیار لەنێو یەکێتیدا جارێکی دیکە هەیە.










باسنیوز
Top