سێ ساڵ لەمەوبەر شنگال بە فەرماندەیی سەرۆك بارزانی لەدەستی داعش ڕزگار كرا
دوای ئەوەی سوپای عێراق لە پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار و سەڵاحەدین هەرەسی هێنا و لە سەردەمی ئەوكاتەی مالكیدا تیرۆریستانی داعش بە چەكی سوپای عێراق چەند پارێزگایەكیان لە عێراق داگیر كرد و لە مانگی ئابی ساڵی 2014 شاری شنگال و دەوروبەریان داگیر كرد و هەزاران هاووڵاتییانی كوردی ئێزدی كەوتنە ژێر دەستی داعش و تا ئێستاش چارەنووسی هەزارانیان دیار نییە.
پاشان بە فەرماندەیی سەرۆك بارزانی هێزەكانی پێشمەرگە لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا 13/11/2015 شاری شنگالیان لەدەست تیرۆریستانی داعش رزگار كرد.
لەم بارەیەوە قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "جێگەی سەرفەرازییە و قوربانییەكی زۆریش درا لە سەروبەندی رزگاركردنی شاری شنگال لەدەست تیرۆریستانی داعش و سەرۆك بارزانی ئەو سۆزەی كە بە كوردانی ئێزدی دا ئەوكاتە بۆ رزگاركردنی شارەكەیان جێبەجێی كرد و پاشان سەرۆك بارزانی لەسەر چیای بەرزی شنگال پەیامی سەركەوتن و ڕزگارکردنی شنگالی لەدەست تیرۆریستان ڕاگەیاند و پێشمەرگە قارەمانانە توانیان شنگال ڕزگار بكەنەوە".
گوتیشی: "بەڵام بەداخەوە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەری ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حەشدی شەعبی، شنگال لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و چەكدارانی پەكەكەوە داگیر كراویەوە، ئێستاش چاوەڕێی ڕێككەوتنەكانی كوردین لەگەڵ حكوومەتی بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان لە شنگالەوە تاوەكوو خانەقین، هەتا دەسەڵاتی شەرعی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان".
باسنیوز
