سێ ساڵ لەمەوبەر شنگال بە فەرماندەیی سەرۆك بارزانی لەدەستی داعش ڕزگار كرا

 سێ ساڵ لەمەوبەر شنگال بە فەرماندەیی سەرۆك بارزانی لەدەستی داعش ڕزگار كرا
سێ ساڵ لەمەوبەر پاش نزیکەی یەک ساڵ داگیرکردنی قەزای شنگال لەلایەن چەکدارانی تیرۆریستی داعش، بە فەرماندەیی سەرۆک بارزانی، لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەی کوردستانەوە لە دەستی داعش ڕزگار کرا.

دوای ئەوەی سوپای عێراق لە پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار و سەڵاحەدین هەرەسی هێنا و لە سەردەمی ئەوكاتەی مالكیدا تیرۆریستانی داعش بە چەكی سوپای عێراق چەند پارێزگایەكیان لە عێراق داگیر كرد و لە مانگی ئابی ساڵی 2014 شاری شنگال و دەوروبەریان داگیر كرد و هەزاران هاووڵاتییانی كوردی ئێزدی كەوتنە ژێر دەستی داعش و تا ئێستاش چارەنووسی هەزارانیان دیار نییە.

پاشان بە فەرماندەیی سەرۆك بارزانی هێزەكانی پێشمەرگە لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا 13/11/2015 شاری شنگالیان لەدەست تیرۆریستانی داعش رزگار كرد.

لەم بارەیەوە قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "جێگەی سەرفەرازییە و قوربانییەكی زۆریش درا لە سەروبەندی رزگاركردنی شاری شنگال لەدەست تیرۆریستانی داعش و سەرۆك بارزانی ئەو سۆزەی كە بە كوردانی ئێزدی دا ئەوكاتە بۆ رزگاركردنی شارەكەیان جێبەجێی كرد و پاشان سەرۆك بارزانی لەسەر چیای بەرزی شنگال پەیامی سەركەوتن و ڕزگارکردنی شنگالی لەدەست تیرۆریستان ڕاگەیاند و پێشمەرگە قارەمانانە توانیان شنگال ڕزگار بكەنەوە".

گوتیشی: "بەڵام بەداخەوە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەری ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حەشدی شەعبی، شنگال لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و چەكدارانی پەكەكەوە داگیر كراویەوە، ئێستاش چاوەڕێی ڕێككەوتنەكانی كوردین لەگەڵ حكوومەتی بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان لە شنگالەوە تاوەكوو خانەقین، هەتا دەسەڵاتی شەرعی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان".









باسنیوز
Top