مانگرتنی مامۆستایان لە ڕۆژهەڵات و ئێران دەستی پێکردەوە
بەپێی زانیاریی میدیا خۆجێیەکانی ڕۆژهەڵات، ئەمڕۆ سێشەممە بۆ جارێکی دیکە لە زۆرێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و لە چوارچێوەی داخوازیی دامەزراوە و ئەنجومەنی مەدەنی و فەرهەنگیی مامۆستایانی ئێران، ئەو توێژە لە بەرانبەر کەمیی مووچەکانیان و ئاوڕنەدانەوە لە داخوازییەکانیان و کەمتەرخەمیی دامودەزگا حکوومەییەکانی ئێران لە بەرانبەر ڕەوشی پەروەردە، دەستیان دایەوە مانگرتن.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆ و وێنانەی کەلە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، مامۆستایان هەرچەند لە قوتابخانە ئامادە بوون، بەڵام لە ناو حەوشە و لە ژووری کار مانیان گرتووە و وانە گوتنەوەیان بایکۆت کردووە.
لە سەرەتای وەرزی خوێندنی ئەمساڵ لە ئێران ئەمە دووەمین جارە مامۆستایان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران مان دەگرن و داوای ماف و ئیمتیازاتی خۆیان دەکەن و یەک مانگ لەمەوبەر ڕێکەوتی 2018/1/13 مامۆستایان مانیان گرت و نەچوونە پۆلەکان.
ئەنجومەنی هاوئاهەنگیی دامەزراوە مەدەنییەکانی مامۆستایان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرایان کردووە، ئەم مانگرتنە لە ڕۆژانی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت
باسنيوز
