پۆلیسی ھەولێر: باندێکی ھەڕەشەکەر و پارە وەرگر دەستگیر کران
ئەمڕۆ سێشەممە 13/11/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "دوای ئەوەی ھاووڵاتییەک لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر - بنکەی پۆلیسی عەنکاوە سکاڵای تۆمار کرد، کە لە لایەن چوار کەسەوە ھەڕەشەی لێ کراوە و پارەی لێ وەرگیراوە، پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەم ڕووداوە کردەوە و دەست کرا بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد، پاشان توانییان لە ماوەیەکی کەمدا ناسنامەی ھەر چوار تاوانبار ئاشکرا بکەن و لە بۆسەیەکدا دەستگیریان بکەن".
ھەر لەمبارەیەوە موقەدەم فەخرەدین، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەشی قەزای عەنکاوە بە پەیجی ھەولێر پۆلیسی ڕاگەیاندووە: "ئاگادار کراینەوە بە بوونی ڕووداوێکی ھەڕەشەکردن و پارەوەرگرتن لە سنووری بنکەکەمان، ئێمەش دۆسیەی لێکۆڵینەوەمان بۆ ئەم ڕووداوە کردەوە و توانیمان ناسنامەی چوار تۆمەتبار ئاشکرا بکەین و دەستگیریان بکەین".
باسی لەوەش کردووە: "تۆمەتبار بە ناوەکانی (گ، ک، ر) تەمەن 20 ساڵ و پیشەی کاسب بووە، (ئـ، ش، م) تەمەن 30 ساڵ و پیشەی کاسب بووە، (ج، ج، ح) تەمەن 28 ساڵ و پیشەی کاسب و (ر، ل، م) تەمەن 26 ساڵ و پیشەی کاسب بوو، دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە، ھەڕەشەیان لە ھاووڵاتییان کردبوو و پارەیان لێ وەرگرتبوون".
بەڕێوەبەری پۆلیسی بەشی قەزای عەنکاوە ئاماژەی بەوەش دا، پەڕاوی لێکۆڵینەوە خرایە بەردەم دادوەر، دادوەریش بڕیاری داوە بە بەندکردنی ھەر چوار تۆمەتبار بەپێی ماددە 2ی خراپ بەکارھێنانی مۆبایل لە یاسای سزادانی عێراقی.
باسنيوز
