بڕیارێكی دادگای باڵای عێراق بۆ كەركووك مادەی 140 زیندوو دەكاتەوە

 بڕیارێكی دادگای باڵای عێراق بۆ كەركووك مادەی 140 زیندوو دەكاتەوە
بەپێی بەڵگەیەکی فەرمیی دادگای باڵای عێراق کە بۆ دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکووک نێردراوە، بڕیارەکانی پارێزگاری داسەپاوی کەرکووک ڕەت دەکاتەوە و لە بەرژەوەندیی کورد و جەخت لەسەر جێبەجێکردنی مادەی 140 دەکاتەوە.



بەپێی بەڵگەیكی فەرمیی دادگای باڵای عێراقی کە ئاراستەی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركووك كراوە و نوسخیەکیشی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، داوا دەكات بەپێی مادەی 140ی دەستووری عیراقی، ئەو گرێبەستانەی کە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە ئەنجام دراون و موڵکی کشتوکاڵی لە كورد و توركمان سەندرایەوە و بەسەر عەرەبی هاوردە تاپۆ و دابەش كرا، سەرجەم گرێبەستەكان هەڵوەشاونەتەوە، بەڵام راكان جبووری، پارێزگاری داسەپێندراوی کەرکووک مامەڵەیان پێوە ناكات و بە سەرپێچی كار بۆدابەشكردنی ئەو زەوییانە بەسەر عەرەبی هاوردەدا دەکات و ئەوش كێشە و گرفتی زۆری دروست كردووە".



لەو بارەوە ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "راكان جبووری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك، هەموو یاسا خاڵەكانی دەستووری پێشێل كردووە و بە هیچ جۆرێك مامەڵە بە نووسراوەکانیی دادگاوە ناكات و هەموو یاسای عێراقی پێشێل كردووە".



ئەحمەد عەسكەری ئەوەشی خستە ڕوو: "ئە گەر لێپێچینەوە لە راكان جبووری بكرێت، ئەوا سزای گەورە دەدرێت، بەڵام شارەكە بێ‌ خاوەنە و دەبێت ئەو دۆسیەیە لەلایەن سەرۆك كۆمار و پەرلەمانتارانی كەركووك لە شەقامی عێراق بجووڵێننەوە، بەڵام نازانین بۆ بێ‌دەنگن و هیچ هەڵوێستیكیان نییە".


باسنيوز
Top