حکوومەتی هەرێمی کوردستان: دەستبەرداری پرۆژەیاسای چاکسازی نابین
لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەیاسای چاکسازی ناردە پەرلەمان، کە بەهۆیەوە مووچەی خانەنشینیی بەرپرسە باڵاکان کەم دەکرایەوە و هی خانەنشینی ئاسایی زیاد دەکرا و نزیکەی 100 ملیار دیناریش بۆ خەزێنەی حکوومەت دەگەڕایەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان، پەسەند نەکرا.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەناڵی (کوردستان تیڤی) راگەیاندووە، پرۆژەیاساکە لەبەر بەرژەوەندیی تەسکی حزبیی و شەخسیی لە پەرلەمان پەسەند نەکرا، بەڵام لە خولی پێنجەم حکوومەت جارێکی دیکە دەینێرێتەوە پەرلەمان و ”دەستبەرداری نابین“.
هەروەها ئومێد خۆشناو، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە کەناڵەکەی راگەیاندووە، پەسەندکردنی پرۆژەیاساکە لە ئەولەویەتی کارەکانی فراکسیۆنەکەیەتی.
ئومێد خۆشناو هەروەها رایگەیاندووە، دوای دیاریکردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلامن و لێژنەکان، یەکەم کاری پەرلەمان و فراکسیۆنەکەی بە تایبەت، کارکردن دەبێ لەسەر پەسەندکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی.
باسنیوز
