داوای حزبەکان لە پارتی پۆستە سیادییەکانە نەک خزمەتگوزارییەکان
سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە گفتوگۆ نافەرمییەکانی نێوان پارتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەوەی تا ئێستا لە پارتە سیاسییەکانی کوردستان بۆ بەشدارییان لە حکوومەت بیستراوە، بەرنامەی حکوومەتەکە و ئەو پاکێجە خزمەتگوزارییە نییە کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەمی ھەڵبژاردن، بۆ چوار ساڵی داھاتوو ئامادەی کردووە، بەڵکوو چاوی حزبەکان لەسەر ئەو پۆست و وەزارەتە سیادییانەیە کە لە ڕێگەی بەشدارییان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە پێیان دەدرێت.
لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە ٣٠-٩ی ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، بەپێی ئەنجامە فەرمییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان ٤٥ کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢١ کورسی و گۆڕان ١٢ کورسی و نەوەی نوێ ٩ کورسی و کۆمەڵی ئیسلامی ٧ کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی ٥ کورسی و ھەر یەک لە حزبی شیوعی و سۆسیالیست، کورسییەکیان بەدەست ھێنا.
لە رۆژی ٦ی ئەم مانگەشدا، کاندیدانی سەرکەوتووی حزبەکان لە پەرلەمانی کوردستان، سوێندی یاساییان خوارد، وا بڕیاریشە لەم ھەفتەیەوە گفتوگۆ فەرمییەکانی نێوان لایەنەکان بۆ بەشدارییان لە حکوومەت و پەرلەمان دەست پێ بکات، کە بەپێی زانیارییەکانی (باس)، یەکەم سەردانی شاندی پارتی بۆ پێکھێنانی حکوومەت روو لە ماڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت، بە حوکمی ئەوەی دووەمی سەر ھەڵبژاردنەکانی کوردستان بووە و پێشتریش لە ھەموو کابینەکاندا وەکوو ھاوبەشێکی پارتی، بەشداریی لە حکوومەتەکانی رابردووی ھەرێمی کوردستاندا کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیەی (باس)، لە گفتوگۆ نافەرمییەکاندا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ بەشداریی لەو کابینە نوێیەدا، داوای چوار پۆستی سیادیی لە پارتی کردووە، کە یەکەمیان جێگری سەرۆکی حکوومەت و دووەمیان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بووە، لەگەڵ دوو وەزارەتی سیادیی دیکە.
بەڵام بەپێی زانیارییەکان، بەپێی ئەو پاکێجەی بۆ بەشداریی لایەنەکان لە حکوومەت، پارتی دیموکراتی کورستان ئامادەی کردووە، یەکێتی بەپێی سیستەمی خاڵبەندی و ئیستحقاقی ھەڵبژاردن، تەنیا پۆستێکی سیادی لەو دوو پۆستەی جێگری سەرۆکی حکوومەت یان سەرۆکی پەرلەمانی بەردەکەوێ.
ھەر بەپێی زانیارییەکان، لە ئەگەری بەشداریی گۆڕانیش لەو کابینە نوێیەدا، کە بەردەوام لە میدیا فەرمییەکانیەوە یەکێتی بە رێگری لە بەشداریی خۆی لە حکوومەت دەزانێت، ئەوە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە کاندیدی پارتی (نێچیرڤان بارزانی)یە، بەپێی پاکێجە نوێیەکەی پارتی، سەرۆکی حکوومەت دوو جێگری دەبێت، جێگری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری دارایی و ھەروەھا جێگرێکی کارگێڕی، کە ئەگەری زۆرە جێگری کارگێڕی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بێت، لە کاتێکدا کە تورکمان و مەسیحییەکانیش وەکوو کۆتاکان لە ئەگەری زیادبوونی ئەو جێگرەدا داوای ئەو پۆستە دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، بزووتنەوەی گۆڕانیش لە بەشداری لە حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستاندا، چاوی لە پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت و پۆست و وەزارەتە سیادییەکانە، ئەوەش نیگەرانیی بۆ یەکێتی دروست کردووە و پێیان وایە، بەشداریی گۆڕان لەم کابینەیەدا لەسەر حسابی ئەوان دەبێت، لە راستیشدا لە ئەگەری بەشداریکردنی گۆڕان لە حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان، کێشە بۆ کاندیدەکەی یەکێتی بۆ جێگری سەرۆکی حکوومەت دروست دەبێت، کە قوباد تاڵەبانی-یە، لە دۆخێکدا سەرۆکی حکوومەت بە یەک جێگر بمێنێتەوە، چونکە ھەردوو حزب جەخت لە وەرگرتنی ئەو پۆستە دەکەنەوە و ھەردووکیشیان لەگەڵ ئەوەدا نین سەرۆکی حکوومەت دوو جێگری ھەبێت.
ھاوکات کۆمەڵی ئیسلامییش، کە دەیەوێ بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بکات و بۆ ئەوەش ئامادەیی خۆی بەبێ مەرج راگەیاندووە، بەپێی زانیارییەکانی(باس)، بۆ ئەم کابینەیە نوێیە، کۆمەڵی ئیسلامیش زیاتر چاوی لەو پۆستە سیادییانەیە کە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھەن، نەوەکوو لە پەرلەمانی کوردستان، یان وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان، ئەوەشیان دووبارە ئەگەری ئەوە ھەیە، گرفت بۆ داواکانی ھێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان، بەتایبەتی یەکێتی دروست بکات، کە یەکێتی نایەوێ دابەشکارییەکە بەپێی سیستەمی خاڵبەندی و ژمارەی کورسییەکان بێت، بەڵکوو چاوی لەوەیە، پارتی رەچاوی دۆخی زۆنی سلێمانی و رابردووی ئەو ھێزە لە ھاوبەشی و بەشداریی لە تەواوی کابینەکانی رابردووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بکات، کە ئەوەش بە بڕوای پارتی، لەگەڵ دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان گونجاو نییە، لەکاتێکدا چەندین ھێزی دیکە لەدوای سیستەمی دابەشکردنی (پەنجا بە پەنجا)وە دروست بوون و یەکێتی زیاتر لە نیوەی کورسییەکانی خۆی لەبەرامبەر بە پارتی لەدەست داوە.
لەم بارەیەوە، عارف تەیفوور، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی - ھەڵەبجە، بۆ (باس)ی ڕاگەیاند: «بە مەبەستی پێک ھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، شاندێکی باڵای پێنج کەسیی بە سەرۆکایەتیی جەعفەر ئێمینکی پێکھێناوە و بەم نزیکانە شاندەکەی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا کۆ دەبێتەوە“.
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە سلێمانی - ھەڵەبجە، ئەوەشی خستە روو، کە تاوەکوو ئێستا ھیچ گفتوگۆیەک لەبارەی گۆڕانکاری لە پۆستەکاندا نەکراوە. گوتیشی: ”ھەرچەندە باسی ئەوە دەکرێ، کە ئەمجارە سەرۆک وەزیرانی کوردستان دوو جێگری دەبێت، بەڵام ئەوە فکرەیە و لەگەڵ یەکێتی گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین“.
ئەو بەرپرسەی پارتی، جەختی لەوەش کردەوە، کە پارتی بەپێی ڕێژەی کورسی مامەڵە لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستاندا دەکات.
لای خۆشیانەوە، بێگەرد تاڵەبانی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی، کە یەکێکە لە کاندیدەکانی ئەو حزبە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، ئەگەر لە پێکھێنانی ئەو حکوومەتە نوێیە بەر یەکێتی بکەوێت، بۆ (باس) رای گەیاند، یەکێتی گرفتی لەگەڵ ھیچ ھێزێکی سیاسی لە ھەرێمی کوردستاندا نییە کە بەشداری لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بکات، ئەوەی کە دەست بە دانوستان دەکات لەگەڵ ھێزەکانی دیکە پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنە، نەوەکوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گوتیشی: “بە خوێندنەوەی واقیعی سیاسی و چاوخشاندنەوە بە رابردووی حوکمڕانیی کوردستان، ئەوە واقیعە کە پارتی و یەکێتی بەیەکەوە شانیان داوەتە بەر بەرپرسیارێتی و خۆیان لە کەموکوڕییەکانیش بە خاوەن کردووە، لەبەرئەوە یەکێتی رەنگە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخەی رابردوو، بە باشی بزانێت لەم کابینەیەشدا پارتی و یەکێتی بەیەکەوە ھەنگاوی باشتر بۆ داھاتووی کوردستان بھاوێن”.
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ئەوەشی خستە ڕوو، لەو کابینەیەشدا پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت بە ئیستحقاقی راستەوخۆی یەکێتی دەزانن، چونکە براوەی دووەمی ھەڵبژاردنە، گوتی: “جگە لەوەی یەکێتی خاوەنی مێژوویەکی گەورەیە لە کابینەکانی رابردوو و لەم ھەڵبژاردنەشدا ٢١ کورسیی بەدەست ھێناوە، لە ھەڵبژاردنی رابردوودا براوەی دووەم کە گۆڕان بوو پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی بەرکەوت، ئێستاش بە حەقی خۆمانی دەزانین پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی بێت، بە ئاشکراش گوتوومانە، لەم کابینەیەدا بەشدارێکی راستەقینە و ھاوڕێی تاسەر دەبین، بەڵام ھێز ھەیە تا ئێستا خۆی یەکلا نەکردووەتەوە و لە کابینەکانی رابردووش وەکوو بینیمان ھەندێ لە ھێزەکان لە نیوەی ڕێگە حکوومەتیان جێ ھێشت و ئامادە نەبوون لەو قۆناغە سەختە بەرپرسیارێتی ھەڵبگرن، لەکاتێکدا یەکێتی و پارتی بەیەکەوە شانیان دایە بەر و بەردەوامییان بە حکوومەت دا”.
باسنیوز
