ساڵێكە خەڵكی سەرپێلی زەھاوی بە ئارامی ناخەون
ساڵێك دوای بوومەلەرزەكەی پارێزگای كرماشان، خەڵكی سەرپێلی زەھاوی و دەوروبەری لەبارێكی خراپدا ژیان بەسەر دەبەن، بەھۆی بوومەلەرزەكە زیاتر لە 70 ھەزار كەسی بێ ماڵ كرد، ئەگەرچی بەرپرسانی ئێران دەڵێن ھەموو ھەوڵێكیان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە داوە، بەڵام ھەندێك لە خەڵكەكە ئەوە دەخەنەڕوو، تائێستاش ھەر لە خێمەدا دەژین.
حكوومەتی ئێران ئەركی قەرەبووكردنەوەی خەڵكەكەی گرتە ئەستۆ و ھەندێك ناوەندی سەر بە سوپای پاسدارانیش ئەركی نۆژەنكردنەوەی خانووەكان و ئاوەدانكردنەوەی گوندەكانیان وە ئەستۆ گرت، بەڵام ھاووڵاتیان ئاماژە بەوە دەكەن، كەمتر لە 30%ی خەڵكەكە چوونەتەوە ناو خانووەكانی جارانیان، چونكە حكوومەت قەرز و قەرەبووی پێویستی پێ نەداون.
لە11ی تشرینی 2017 بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 7 پلەی رێختەر پارێزگای كرماشان و بەتایبەت سەرپێلی زەھاوی ھەژاند، ئێستا دوای ساڵێك زیانلێكەوتووان دەڵێن پێناچێت ئەم زستانەش گەرماوێكی گەرم و خەوێكی ئارامیان ھەبێت.
k24-
