نیوەی كارگە لەكارکەوتووەكانی كوردستان دەستیان بە كار كردووەتەوە

	 نیوەی كارگە لەكارکەوتووەكانی كوردستان دەستیان بە كار كردووەتەوە
بەرپرسێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، گەشبینە بەوەی گەشەی ئابووریی ھەرێم گەیشتووەتە ئاستێك ئەو كارگانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە ھۆی قەیرانی داراییەوە كارەکانیان ڕاگرتبوو، دەستیان بە كار كردووەتەوە و دەشڵێ، ژمارەیەك كۆمپانیای بیانی بۆ كاركردن لە كەرتی پیشەسازیدا ھاتوونەتە كوردستان.



قەیرانی دارایی و شەڕی سێ ساڵەی بەرەنگاربوونەوەی داعش، كاریگەریی زۆری كردبووە سەر كەرتی پیشەسازی و زۆرێك لە كارگەكان بە ھۆی بێكارییەوە كارەكانیان ڕاگرتبوو، ئاراس ڕەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بە ھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە، ٥٠%ی كارگەكانی ھەرێمی كوردستان لەكار كەوتبوون، بەڵام ڕەوشی ئابووریی ھەرێمی كوردستان بەرەو گەشەكردن دەچێت و كارگە لەكارخراوەكان ھێدی ھێدی وا دەست بە كارەكانیان دەكەنەوە و ھەنگاوی باش نراوە لەبارەی بەكارخستنی كارگەكانی ھەرێمی كوردستانەوە".



بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەگەر پێشتر نیوەی كارگەكان لە كار وەستابووبن، ئەوە ڕێژەكە زۆر كەم بووەتەوە و دەتوانم بڵێم نیوەی زیاتری كارگە لەكارخراوەكان كەوتوونەتە كاركردن و ھەنگاو بەرەو ئەوە دەنێن ئەو كارگانەی ماویشن دووبارە دەست بە كار بكەنەوە، چونكە ڕەوش لەبارە بۆ بازرگانی و كاركردن لە ھەرێمی كوردستاندا".



لەبارەی ھاتنی وەبەرھێنەری بیانی و گەشەپێدانی كەرتی پیشەسازییەوە، ڕەئووف ڕوونی كردەوە: "ئێمە لە ھەوڵداین ئاسانكاریی زیاتر بۆ كەرتی تایبەت بكەین، ئەمساڵ ژمارەیەك وەبەرھێنەری بیانی ھاتوونەتە كوردستان و لقی كۆمپانیا و بریكاریان لە ھەرێمی كوردستاندا كردووەتەوە، ئەمەیش جێگەی دڵخۆشییە لە بەرەوپێشبردنی كەرتی پیشەسازیدا بازرگان و وەبەرھێنەری بیانییش بەشدار بن".
kdp-
Top