سەرکردەیەکی پێشووی هەسەدە: پەیەدە هەڵەی زۆری کردووە

سەرکردەیەکی پێشووی هەسەدە: پەیەدە هەڵەی زۆری کردووە
سەرکردەیەکی پێشووی هەسەدە دەڵێ، پەیەدە زۆر هەڵەی شاش دەکات، دەبێ بگەڕێتەوە سەر ڕێککەوتنەکانی کە پێشتر لە ژێر چاودێریی سەرۆک بارزانیدا کراون.



ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا و پەیەدە لە دهۆک و هەولێر و لە ژێر چاودیریی سەرۆک بارزانیدا لەبارەی پرسی ڕۆژئاوای کوردستان و بەڕێوبردنی ئەو پارچەیەی کوردستانە ڕێککەوتنیان کردبوو، کەچی پەیەدە خۆی لە ڕێککەوتنەکانیان دزییەوە و هیچیان جێبەجێ نەکرد. لەو بارەیەشەوە عەمید حوسامەدین عەواق سەرکردەی پێشووی هەسەدە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئەگەر پەیەدە گەڕابووایەوە بۆ تێڕوانینی مەرجەعی کوردستان، سەرۆک بارزانی، لە کۆبوونەوەکانی پێشووی هەولێر و دهۆک لە نێوان تەڤدەم و ئەنەکەسەدا، ئەوا ڕۆژئاوای کوردستان بە شێوەیەکی تر دەبوو و دەستی هاوکاریمان بۆ هیچ کەسی تر درێژ نەدەکرد."



عەمید حوسامەدین عەواق گوتی: "پێشتر دەستپێشەخەریمان بۆ هاوڕێیانی پەیەدە کرد بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە لای مەرجەعیەتی کوردستان لە باشوور، بەتایبەت سەرۆک بارزانی، چونکە جگە لە کورد کەس ناتوانێت هاوکاریی کورد بکات، بەڵام گوێیان بە ئێمە نەدا و بوونە هۆکاری لەدەستدانی عەفرین."



سەرۆک بارزانی چەندین جار گوتوویەتی، دەبێ کورد لە ڕۆژئاوا یەکڕیز و یەکدەنگ بن و بە هاوبەشی لە نێو خۆیاندا بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پارچەیە.



دوای شۆڕشی سووریا لە ساڵێ ٢٠١١دا پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان نەیتوانیوە هاوسەنگی ئەو پارچەیە بپارێزیت و بێدەستکەوتیش ماوە.



عەواق گوتیشی: "سەرۆک بارزانی دەتوانێت کێشەکانمان چارەسەر بکات و دەتوانێت پشتگیریی کەیسی ڕۆژئاوا بکات."



ئێستا پەیەدە جگە لە کورد ڕێککەوتن و پەیوەندیی لەگەڵ هەمووان باشە و لەم دواییانەشدا ڕێککەوتنی ئاشکرایان لە گەڵ ڕژێمی ئەسەد کرد، کەچی نەک ئامادە نەبوو لەگەڵ ئەنەکەسە پەیوەندییان هەبێت، بگرە هەرچی ئۆفیسی ئەنەکەسەش بوو سووتاندیان.
kdp-
Top