هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی لە چیای قەرەچۆخ مۆڵ دراون

 هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی لە چیای قەرەچۆخ مۆڵ دراون
بەرپرسێکی پارتی ئاشکرای دەکات، کە لە ترسی هێرشی چەکدارانی داعش، هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە چیای قەرەچۆخ کۆ کراونەتەوە.

کرمانج عەبدوڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە مەخموور ئاشکرای کرد: "بەهۆی زیادبوونی چالاکییە تیرۆریستییەکان و جووڵەی داعش لە سنوورەکە و بەتایبەت دیوی چیای قەرەچۆخ لەلای مەخموورەوە، عێراق هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی و چەند لیوایەکی هێناوەتە سنوورەکەوە".

ئەو بەرپرسەی پارتی ڕاشی گەیاند: "هێزە عێراقییەکان تەنیا دەسەڵاتییان لەناو شارەکان و شەقامە گشتییەکاندا هەیە، لە شوێنەکانی دیکە هیچ دەسەڵاتێکیان نییە، بەو هۆیەشەوە داعش بە شێوەی گرووپ بە ئازادانە دەگەڕێن، ئێستاش ترسی دەست بەرەسەراگرتینی چەند شوێنێک لەلایەن داعشەوە هەیە، هەر بۆیە هێزە عێراقییەکان لە ناوچەکەدا ڕێژەیان زیادی کردووە.

کرمانج عەبدوڵا ئەوەشی خستە ڕوو: "ڕۆژی شەممە ١٠\١١\٢٠١٨ ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان لە چیای قەرەچۆخ ئەنجام دراوە، کە تێیدا بە فڕۆکەی هاوپیەمانان بنکە و بارەگاکانی داعش بۆردومان کران و تا ئێستا هیچ ئۆپەراسیۆنێک لە نێوان ئێمە و عێراق بۆ ئەو مەبەستە نییە.












باسنيوز
Top