یەکێتی بە تەواوی گۆڕان تووڕە دەکات
پاش ئەوەی بەرپرسانی باڵای یەکێتی ژمارەیەک کەسیان هێنایە سەر شاشەکان و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ٤ هەزار هەڵسووڕاوی گۆڕانن و پەیوەندییان بە یەکێتییەوە کردووە. ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی ١١ی ٢٠١٨، شاخەوان ڕەئوف بەگ، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕايگەیاند: ”لەسەرەتایی دامەزراندنی گۆڕانەوە بەبێ دابڕان کارم بۆ ئەم بزووتنەوەیە کردووە، کاتێکیش جڤاتی نیشتمانی دامەزراوە، من ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بووم، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەو دەموچاوانەی لەسەر شاشەکان یەکێتی نیشانی داون، گوایە ھەڵسووڕاوی گۆڕانن و گەڕاونەتەوە ناو یەکێتی، بۆ تەنھا جارێک ئەو دەموچاوانەم لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا نەبینیوە؟.
هەر لەمبارەیەوە ئەمیری حاجی کەمال، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕايگەیاند: ”ئەو مۆدێلەی یەکێتی بەکاری دێنێت کۆن بووە، بۆ نموونە ئەگەر من بگەڕێمەوە ناو یەکێتی، ئەو ھەموو کەش و فشەی بۆ چییە؟ باشە ئەگەر وا بێ، ئایا پێویست بەوە دەکات بچینە سەر گۆڕی مام جەلال و پەیمان نوێ بکەینەوە؟”.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”یەکێتی خەڵکی خۆی بەناوی جەماوەری گۆڕانەوە دەباتە سەر گۆڕی مام جەلال و سوێندیان دەدات و پەیمانیان پێ نوێ دەکاتەوە، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ورەی جەماوەرمان دروست بکەن“.
ئەندامەکەی چڤاتی نیشتمانیی گۆڕان نەیشاردەوە کە ”ڕەنگە“ ھەندێک خەڵک بۆ بەرژەوەندیی خۆیان چووبنە نێو گۆڕان، بەڵام کە دیویانە گۆڕان پارە و هێزی نییە، ”ڕەنگە ماندوو بوو بن“.
ئەو بەرپرسەی گۆڕان نایشارێتەوە کە هەرچەندە خەڵکیش بچنەوە نێو یەکێتییەوە، ئەوا یەکێتی هەر ناتوانێت قەبارەی خۆی زیاد بکات و ”بەرھەم ساڵح بە ھەموو ئەوانەی سەر بە خۆی بوون، گەڕایەوە ناو یەکێتی، کەچی یەکێتی سێ کورسی لە پەرلەمانی کوردستان زیاد کرد“.
ئەوەش ناشارێتەوە: ”یەکێتی تەنیا لە ساختەکاریدا دەتوانێت سەرکەوتوو بێت، ئەگەر نا لە چیدا سەرکەوتوو بووە؟”. گوتیشی: ”ئەگەر بێت و جەماوەری گۆڕان واز لە گۆڕانیش بێنن ئەوا لە ماڵەکانی خۆیان دادەنیشن و ناگەڕێنەوە ناو یەکێتی، چونکە ئەوان لەدەست گەندەڵی و نادادپەروەری وازیان لە یەکێتی ھێناوە“.
باسنيوز
