یەکێکی دیکە لە بریندارانی شەڕەکەی کەسنەزان گیانی لە دەست دا

 یەکێکی دیکە لە بریندارانی شەڕەکەی کەسنەزان گیانی لە دەست دا
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕای گەیاند کە یەکێک لە بریندارانی شەڕەکەی کەسنەزان لە شاری هەولێر بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

ڕائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕايگەیاند: ”کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ ئەمڕۆ 12/11/2018، یەکێک لە بریندارەکانی شەڕەکەی کەسنەزان لە شاری هەولێر گیانی لە دەست دا“.

بەرپرسەکەی پۆلیس گوتیشی: ”ئەو کەسە ناوی (زوهێر جەعفەر)ە، بەهۆی سەختی برینەکەی و فیشەک بەر سەری کەوتبوو گیانی لەدەست دا، وردەکاری زیاتر لەبارەی تەمەنیەوە نازانین چونکە سکاڵایان تۆمار نەکردبوو“.

ڕوونیشی کردەوە، کە پۆلیس و ئاسایش لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر ڕووداوەکە دەست پێ کردووە، بەهەموو شێوەیەک لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکرێت کە بەو تاوانانە هەستاون، ئەم ڕووداوەش پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد هەیە، چونکە دەبێ هەموو ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە تۆمار بکرێن و ئەو قەوانی فیشەکانەی پۆلیس هەڵیگرتووەتەوە هەمووی لەگەڵ چەکەکان بەراورد دەکرێن، ئەو چەکانەش کە تەقەیان پێ کراوە لە جۆری دەمانچە و کڵاشینکۆف بوون.

ئەوەشی خستە ڕوو، کە بەهۆی شەڕەکەوە پێنج بریندار هەبوون، ئێستا چوار بریندار ماونەتەوە و باری تەندروستیان باشە.












باسنيوز
Top