لە ھەولێر دەست بەسەر حەوت تۆن چەرەزاتی ماوەبەسەرچوودا گیرا
ئەمڕۆ دووشەممە 12/11/2018، پۆلیسی ھەولێر لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، ڕاگەیاندراوێکی قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی ھەولێری بڵاو کردووەتەوە، تێیدا ھاتووە: "لە چەند کارگەیەکی چەرەزات و گوڵەبەڕۆژە لە ھەولێر کە بەرھەمەکانیان لەنێو بازاڕدا بڵاون، دەست بەسەر حەوت تۆن چەرەزاتدا گیراوە، کە ھەم ماوەیان بەسەر چووە و ھەم کرم لێی داون، بە گوتەی لیژنەکانی پشکنین لە وەزارەتی کشتوکاڵ کاریگەرییان لەسەر مرۆڤ زۆر خراپە ".
باس لەوەش کراوە: "پێش 10 رۆژ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی ھەولێر و لێژنەی پشکنین و چاودێریی بازاڕی قایمقامیەتی ھەولێر سەردانی چەند کارگەیەکی چەرەزاتیان کرد، وا دیار بوو ئەو چەرەزاتانە ھێشتا نەبرژابوون، بۆ دڵنیایی بە نووسراوێکی فەرمی ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی ھەولێر ـ بەشی پاراستنی ڕووەک کرا، بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت، دواتر دەرکەوت بە کەڵکی خواردنی مرۆڤ نایەن".
قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی ھەولێر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش داوە: "ئەو چەرەزاتانە کە پێکھاتبوون لە تۆوی کوولەکە، گزبرە، کەموون و زەردەچەوە، بڕەکەشیان حەوت تۆن دەبوو، دەستی بەسەردا گیرا و بڕیار درا لەناو ببرێت و خاوەنەکانیشیان سزا بدرێن، ھەروەھا یەکێک لە کارگەکان داخراوە و بەپێی یاسا سزا دەدرێن".
باسنيوز
