پاش یەک ساڵ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشان هێشتا لە خێوەتدان
ڕێکەوتی 2017/11/12 بوومەلەرزەیەک بە گوژمی 7.3 بە پلەی ڕیختەر 10 شار و یەک هەزار و 930 گوندی پارێزگای کرماشان و بەتایبەت شاری سەرپێڵزەهاو و دەوروبەری گرتەوە، کە وێڕای خاپووربوونی 77 هەزار خانوو و بینای نیشتەجێبوون، هاوکات نزیکەی 700 کەس گیانیان لەدەست دا و 12 هەزار و 368 کەسیش بریندار بوون.
ئەم بوومەلەرزەیە کە لە کاتی وەرزی سەرما و سۆڵە و باراندا بوو، خەڵکی بێدەرەتان و لێقەوماوی کرماشان و شار و گوندەکانی تووشی گرفت و ئاستەنگی کرد و وێڕای کارەساتی مرۆیی، خەڵی لێقەوماو ژیان و ماڵ و گوزەرانیان لەدەست دا، لە بەرانبەردا کەمتەرخەمیی دامودەزگا حکوومەتییەکانی ئێران و بەهاناوە نەچوونی ئەو خەڵکە لێقەوماوە، هێندەی دیکە ئازارەکانی بەژانتر کرد.
لە بەرانبەردا شەپۆلی فراوانی بە هاناوەچوونی خەڵکی ناوچە جیاجکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بۆ یارمەتی و هاوکاری گەیاندن بە خەڵکی لێقەوماوی کرماشان، سەرپێڵ، شائاباد، ئەزگلە، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی و سەرجەم گوندەکان، بووە جێگەی خۆشحاڵیی خەڵک و بە جۆرێک هەست و هاوپەیوەندیی نەتەوەیی بەهێزتر کرد.
دوای یەک ساڵ لەو ڕووداوە، هەرچەند حکوومەت و دامودەزگاکان و بەتایبەت دامەزراوەکانی سەر بە سوپای پاسداران کە ئەرکی نۆژەنکردنەوە و چاککردنی خانووبەری هاووڵاتیان و نیشتەجێبوونیان گرتە ئەستۆ، بەڵام بە هەزاران خەڵک هێشتا لە دۆخێکی ناجێگر و بێ خانوو و ماڵدا دەژین و لەناو خێوەتدان و دەسپێکی بەفر و بارانیش هێندەی دیکە ژیانی لێ تاڵ کردوون.
بە گوتەی چالاکوانانی کورد و میدیا خۆجێیەکانی ڕۆژهەڵات، چەندین کەسایەتیی ناسراوی ئێرانی بە بیانووی یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوماو و بوومەلەرزەلێدراوی سەرپێڵزەهاو بە دانانی ژمارە حیساب بە سەدان ملیۆن دۆلاریان کۆ کردەوە، کەچی هێشتا بە کردەوە هیچ هەناگوێکیان بۆ نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ڕووخاوەن ئەنجام نەداوە و بەڵێنە بریقەدارانی حکوومەتی و ئەو کەسانە تەنیا لە چوارچێوەی دروشمدان.
باسنيوز
