باسی هاتنی ساڵح موسلیم بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێ

 باسی هاتنی ساڵح موسلیم بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێ
زیاتر لە سەرچاوەیەک باس لە هاتنی ساڵح موسلیم و شاندێکی باڵای تەڤگەری جڤاکی دیموکراتی (تەڤدەم) بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن و نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)ش ڕەتی دەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەندان سەرچاوەوە دەست کەوتووە و لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا باسی لێوە دەکرێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو تاوەکوو ئێستا، ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی تەڤدەم، هاتوونەتە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەڵام نازاندرێت ئاخۆ بەرنامەی کۆبوونەوە و دانیشتنەکانیان لەگەڵ کێ و لەبارەی چییە.

لەبەرامبەردا سلێمان عەرەب، نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ (باسنیوز)، ڕەتی کردەوە هیچ شاندێکی ڕۆژئاوای کوردستان لەم چەند ڕۆژەدا لە هەرێمی کوردستان بن و ڕای گەیاند: ”ساڵح موسلیم لە قامیشلۆیە و ئەوە بانگەشەن و شەڕێکی دەروونییە لە دژی گەلی ئێمە بڵاو دەکرێتەوە“.

لەبارەی ئەو پرسیارەش کە ئاخۆ بۆچی دەبێت دەنگۆی هاتنی ساڵح موسلیم بۆ هەولێر بە شەڕێکی دەروونی لە دژی ڕۆژئاوا لێک بدرێتەوە؟ نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد: ”ئەو هێرشەی لەسەر رۆژئاوای کوردستان هەیە و لێدوانەکانی ئەردۆگان لە دژی رۆژئاوا کە داوا دەکا خۆیان تەسلیمی رژێم بکەن و ڕۆژئاوا چۆڵ بکەن، ئەو دەنگۆیانە خزمەتی ئەو هێرش و هەڕەشانە دەکات“.













باسنیوز
Top