دوو چەکدار لە خورماتوو هێرشیان کردە سەر سوپای عێراق
بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکە درەنگانی شەوی یەکشەممە 11/11/2018، لەلایەن دوو چەکداری نەناسراوەوە کراوەتە سەر بکەیەکی سوپای عێراق لە نزیک مزگەوتی وەهاب لە گەڕەکی ئیمام ئەحمەد.
دوو چەکدارەکە، کە ماتۆڕسکیلێکیان پێ بووە، دەستڕێژیان لە سەربازانی سوپای عێراقی لە بنکەکەدا کردووە و بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
تا ئێستا ناسنامەی ئەو دوو چەکدارە و لایەنی ئەنجامدەری هێرشەکە ئاشکرا نەبووە.
دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر، هێز و میلیشیا عێراقییەکان دەسەڵاتی ئەو ناوچە کوردستانییەکانیان گرتە دەست، بەڵام بەهۆی ناکاراییان، ناتوانن سەقامگیریی ئەو ناوچانە و ژیانی هاووڵاتییان و خۆشیان بپارێزن.
خورماتوو شارۆچکەیەکی کوردستانییە و کەوتووەتە باشووری شاری کەرکووک و لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدینە.
ئەو هێرشە لەکاتێک دایە، کە ماوەی چەند مانگێکە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەو سنوورە و پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین، ئەنبار و بەغدا سەریان هەڵداوەتەوە.
ئەو جموجۆڵەی ئێستای داعش دوای ئەوە دێت، کە لە مانگی 12ـی 2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق (2014-2018) رایگەیاند، داعش لە عێراق کۆتایی هات و ئیدی ئەو رێکخراوە لە شارەکانی عێراق سەرهەڵناداتەوە.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، کەرکووک، خورماتوو و ناوچەکانی دەوروبەری كه‌وتنە ژێر ده‌ستی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق، دواتر هه‌ریه‌ك له كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتی و شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ئاشكرایان كرد كه گرووپێكی نێو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌مه‌دا به‌رپرسیارن و ڕێككه‌وتنی ژێربه‌ژێریان له‌گه‌ڵ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق كردووه و به‌و هۆیه‌وه سه‌دان پێشمه‌رگه و هاووڵاتی شه‌هید و بریندار بوون و نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌سیش ئاواره بوون.
