پۆلیسی سلێمانی هەڵوێستی داواکاری گشتی لەبارەی رفاندنی کچە مۆدێلەکە وەردەگرێ
سارا، کچە مۆدێلێکی شاری سلێمانییە، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوە کردووە کە لەگەڵ ھاوڕێیەکی لەنزیک چاڤیلاند ئۆتۆبێلەکەی کوژاندووەتەوە تاوەکوو ھەندێک پێداویستی بکڕێت، بەڵام دوای گەڕانەوەی، چەند پیاوێک چوونەتە نێو ئۆتۆمبێلەکەی و دەمانچەیان خستووەتە سەر سەری و پرسیاری بوونی ماددەی ھۆشبەریان کردووە.
سارا دەڵێت: ”یەکێک لە پیاوەکان گوتی، بڕۆ بۆ ئەو شوێنەی کە پێت دەڵێم، ئەگەرنا تەقەت لێ دەکەم، دواتر پیاوەکان ئێمەیان برد بۆ سەر چیای ئەزمەڕ و لە نزیک شاخێک ئێمەیان دابەزاند و کەلەپچەیان کردین، زۆر ترسام کە دەسترێژیی سێکسیمان بکەنە سەر، بەڵام من تێلم بۆ پۆلیسی فریاکەوتن کرد، بۆیە ئەوان مۆبایلەکەیان شکاندم“.
بە گوتەی ئەو کچە مۆدێلە بێت، ئەو کەسانەی ڕفاندوویانە، سەرەتا ٢ پیاو و پاشان بوونەتە گرووپێکی چەک بەدەست و بردوویاننەتە دۆڵێکەوە کە تۆڕی پەیوەندیکردنی تێدا نەبووە، بەڵام ”دواتر پیاوەکان ڕۆشتن و نەھاتنەوە، ئێمەش ھەرچۆن بوو لەشاخەکەدا ھاتینە خوارە و تەکسییەک ئێمەی ڕزگار کرد“.
لە بەرامبەردا نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، گومان لە قسەی ئەو کچە دەکەن، چونکە سکاڵایان تۆمار نەکردووە. دەشڵێت: ”ئەگەر سکاڵا تۆمار بکرایە، ئێمە لەڕێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە ئەو کەسانەمان دەدۆزیەوە کە ئەو کچەیان ڕفاندووە“.
بەرپرسەکەی پۆلیسی سلێمانی جەختی کردەوە کە ھەر کەسێک سکاڵا تۆمار بکات، ئەوان بەدواداچوونی خۆیان دەکەن و گومانلێکراوان دەدۆزنەوە، بەڵام ”ئەو کچە کاتێک باسی ڕفاندنی خۆی دەکات و سکاڵا تۆمار ناکات، یان کە نازانێ گومانی لە کێ ھەیە، ئێمە کێ دەستگیر بکەین؟“.
سەرکەوت ئەحمەد نەیشاردەوە کە ھەرچەندە ناتوانن بڵێن ”ئەو کچە ڕاست ناکات“، بەڵام ”ئێمە ھەڵوێستی داواکاری گشتی وەردەگرین و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین لە ڕاستی و درووستیی ئەو ڕووداوە“.
باسنیوز
