بەشیر حەداد: كار بۆ لابردنی خاڵە گومركییە نایاساییەکان دەكەین
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 12/11/2018، پەرلەمانی عێراق كۆ دەبێتەوە و یەكەم بڕگەی دانیشتنەكە تەرخان كراوە بۆ بانگهێشتكردنی پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق و لەگەڵیدا تاوتوێی هەندێك كێشەی بانكی ناوەندی دەكرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی بڵاو بووەتەوە كە پارێزگار ناوی خۆی لەسەر دراوی عێراقی نووسیوە و هەندێك كێشەی دیكەی هەیە وەك فرۆشتنی دۆلار و حەواڵەكردنی پارە بۆ دەرەوە گفتوگۆ دەكرێت".
گوتیشی: "لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا بڕیارە سەبارەت بەو لێژنەیەی كە بڕیارە لە نێوان ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراقدا پێكبێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بودجەی گشتی عێراق قسە بکرێت كە چۆن ئەو لێژنەیە پێكبهێنرێت و ئالییەتی كاركردنیان چۆن بێت".
ڕاشی گەیاند: "لە بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا لەسەر ئەو خاڵە گومركییانەی كە بە نایاسایی لە نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان و دەرەوەی هەرێمی كوردستان دانراون گفتوگۆ دەکرێت".
د. بەشیر حەداد، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەركی ئێمەیە كار بكەین بۆ لابردنی خاڵە گومرکییەكان، هەروەها كاركردن بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بەشە بودجەی شایستەی خۆی بۆ دیاری بكرێت و بۆ پرسی بودجە فراكسیۆنە كوردستانییەكان چەند گۆبوونەوەیەكیان ئەنجام داوە بۆ یەكخستن و هاوهەڵوێستی لەسەر داكۆكیكردن لە مافەکانی هەرێمی كوردستان".
باسنيوز
