حکوومەت گۆڕانکاری لە بەشە خۆراکییەکانی مانگانەی هاووڵاتییان دەکات
محەمەد ھاشم عانی، وەزیری بازرگانیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لێژنەیەکی باڵا بۆ تاوتوێکردنی ماددە خۆراکییەکان و بودجەی تەرخانکراو بۆ کڕینییان و باشکردنی کوالێتییان، دروست کراوە.
محەمەد هاشم عانی هەروەها رایگەیاندووە، ئەو لێژنە باڵایە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا خۆراکییە گەورەکانی جیهان دەکات بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتیی ئەو ماددە خۆراکییانە و وەزارەتەکەشی لە هەوڵ دایە بۆ زیادکردنی بودجەی پێویست بۆ کڕینی ئەو ماددانە.
وەزیری بازرگانیی عێراق جەختی لە پێویستیی خەڵکی عێراق بەو ماددە خۆراکییانە کردووەتەوە و رایگەیاندووە، وەزارەتەکەی هەوڵ دەدات هەموو مانگەکان ئەو بەشە خۆراکە دابەش بکرێ، چونکە ”لە ھەندێ پارێزگای عێراق رێژەی ھەژاری گەیشتووەتە سەرووی 30%“.
لە ساڵی 1996، رژێمی ئەوکاتی عێراق رێککەوتنێکی لەگەل نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرد، کە بە رێککوتنی نەوت بەرامبەر خۆراک ناسرا.
بەپێی ئەو رێککەوتنە، حکوومەتی عێراق، کە زیاتر لە پێنج ساڵ بوو گەمارۆی ئابووری خرابووە سەر، توانی نەوت بفرۆشێ و بە پارەکەی خۆراکی بکڕێ، کە بەشێوەی مانگانە (بایەعی) بەسەر خێزانە عێراقییەکان دابەش دەکرا.
دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، بەهۆی گەندەڵی و دزیی دەسەڵاتدارانی عێراقی، کوالێتیی ماددە خۆراکییەکانی بەشە خۆراکی هاووڵاتییان دابەزی و ژمارەشی ماددەکانیش کەم بووەوە.
باسنيوز
