نەوتی كەركووك دەبێتە جێگرەوەی نەوتی ئێران
بە نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی نەوتی عێراق، داوای لە کۆمپانیای نەوتی باکوور کردووە لە کەرکووك کە لیژنەیەکی شارەزا پێکبهێنن و بۆچوونیان پێی بدەن لەسەر ئەو بۆریی نەوتەی کە لەتوانایدایە نەوتی کەرکووك بباتە بەندەری جەیهان، ئەمەش وەك ئامادەکاریەك بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی شارەکە.
حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکن لە رێكکەوتن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکا نەوتی کەرکووك بە رێگەی بۆری ھەرێمی كوردستان بنێرێتە بەندەری جەیهان.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "تائێستا دانووستان و گفتوگۆكردن ھەیە لەنێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، ئەوەی من ئاگاداربم تائێستا رێككەوتنی فەرمی واژوو نەكراوە تا بگاتە قۆناخی جێبەجێكردن".
رێكکەوتنەکەی بەرپرسانی بەغدا و هەرێمی کوردستان بە بڕوای شارەزایانی بواری نەوت، تەنها رێگەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیكە بتوانرێت نەوتی کەرکووك هەناردە بکرێت.
سیروان ئەحمەد، ئەندازیاری نەوت دەڵێت: "فرۆشتنی نەوتی كەركووك بە رێگەی جەیھان باشترە، چونكە بەستنەوەیە بە بازاڕی جیھانی، بە بڕوای من رێگەی توركیا ھەم خێراترە و ھەمیش سوودی زیاترە".
ھەر پەیوەست بەو پرسە ئەحمەد عەسکەری، سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە لەئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك بە كوردستان24 راگەیاند: "بەپێی زانیارییەكان رێككەوتنێك كراوە بۆ ھەناردەكردنەوەی نەوتی كەركووك بە رێگەی بۆرییەكانی ھەرێمی كوردستان و لەم ھەفتەیە دەست پێدەكاتەوە، بەڵام تائێستا زانیاریمان لەسەر ناوەرۆكی رێككەوتنەكە نییە".
K24
