خاڵە گومرگییەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا لادەبرێن

خاڵە گومرگییەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا لادەبرێن
بڕیارە ئەو خاڵە گومرگە نایاساییانەی بە ھۆی سیاسەتی ھەڵەی بەغدا لە سەروبەندی رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو دانراون، لاببرێن و بەرپرسێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش دەڵێ، لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو خاڵە گومرگیانە نامێنن.

فەتحی محەممەد، راوێژكاری وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "چەند لیژنەیەكی تایبەتمەند لە پەرلەمانی عێراق كاریان لەسەر لابردنی خاڵە گومرگییەكانی نێوان كەركووك و پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان كردووە و، لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا ھەردوو خاڵی گومرگیی نێوان كەركووك - ھەولێر و كەركووك - سلێمانی لادەبرێن و نامێنن".

راوێژكارەكەی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، دەڵێت: "كورد لە حكوومەتی عێراقدا بەشدارە و دانانی ئەو خاڵە گومرگیانەیش پێچەوانەی دەستووری عێراق و بنەمای تەوافووق و شەراكەتە لە عێراقدا، بۆیە ناكرێت بە ناوی دانانی خاڵی گومرگییەوە كێشە بۆ ھەرێمی كوردستان دروست بكرێت".

محەممەد، هەروەها ئاماژەی دا: "پێشتریش چەندین جار ھەوڵمان داوە لەگەڵ حكوومەتی عێراق و وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی بەغدا بۆ لابردنی ئەو خاڵانەی گومرگ، لەبەر ئەوەی ساڵی رابردوو بە ھۆی رووداوەكانی داگیركاریی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، بە بڕیارێكی سیاسی دانراون نەك یاسایی و دەستووری".
kdp-
Top