وەزارەتی پێشمەرگە دەیەوێ ژمارەی لیواکانی کەم بکاتەوە
وەزارەتی پێشمەرگە چوار لیوای ھەیە، ھەر لیوایەک نزیکەی ٢٥٠٠ پێشمەرگە دەبن، ئەو لیوایەش ٤ فەوجی ھەیە و ھەر فەوجێک ٥٥٠ پێشمەرگە دەبن.
لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەرنامەیەک ھەیە بۆ کەمکردنەوەی لیوای وەزارەت بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجومەنی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوەی فەرمیی لەو بارەیەوە کردووە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئەکادیمی و بە شێوەی لیوا ڕێکخستنەوەیەکی تازە بۆ زێرەڤانی و یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ بکرێت، بەڵام ئەوە کارێکی زۆری دەوێ و تا ئێستا نەکەوتووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە."
لیوا بابەکر ئاماژەی دا: "لە ئەگەری کەم کردنەوەی لیواکان ئەوا لە چوار لیواوە دەکرێنە سێ، کەمکردنەوەکە لەسەر میلاکاتی ئەو لیوایانەدەبێ، نەوەکو ھەیبەتی لیواکە، ئەوکات بە شێوەیەکی ئەکادیمی و نیزامی ڕێک دەخرێن و ھەموو پێداویستییەکانی ئەو لیوایە بە شێوەیەکی ڕێک جێبەجێ دەکرێت و چەک و تەقەمەنی و پێداویستییەکانی تر ھاوپەیمانان دابینی دەکەن."
لیوا بابەکر ڕاشیگەیاند: "کەمکردنەوەی لیواکان و ڕێکخستنەوەکەیان بە شێوەی سیستەمی لیوای نێودەوڵەتی دەبێت."
kdp-
