پارتی و یەکێتی: پێکەوە حکوومەت دروست دەکەین

	 پارتی و یەکێتی: پێکەوە حکوومەت دروست دەکەین
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، حکوومەتی نوێی ھەرێم لەگەڵ یەکێتی دروستدەکەن و سەردانی لایەنەکانی دیکەش دەکەن بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی نوێ و بەرپرسێکی یەکێتیش دەڵێ، خەڵکی کوردستان دەنگی بە یەکێتی و پارتی داوە بۆ ئەوەی سەقامگیری ھەبێت و ئەگەر بەیەکەوە کار بکەن ئەو سەقامگیرییە دروست دەبێت.



عارف تەیفوور، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سلێمانی-ھەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەشدا لەگەڵ گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە ڕایگەیاند: "ئێمە دەمانەوێت بۆ چوار ساڵی داھاتوو کە حکوومەت پێک دەھێنین بە یەکەوە لەگەڵ یەکێتی بین و بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی نوێ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش دەکەین، لەبەر ئەوەی لایەنەکان لە کاتی ھاتنی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشدا، یەکێتی و پارتییان جێ ھێشت و لە ناو حکوومەت ھاتنە دەرەوە."



عارف تەیفوور گوتیشی: "ئێمە ھیواخوازین کە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی لە جاران بەھێزتر بێت."



سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی: "بەم دواییانە ساردییەک لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دروست بوو، بەڵام ئەمە بە سیاسەتی نەرم و ھەنگاو بە ھەنگاو ئەو تەمومژە دەڕەوێتەوە و خەڵکی کوردستان دەنگی داوە بە پارتی و یەکێتی و پێکەوەکارکردنی ئەوانیش دەبێتە ھۆی سەقامگیریی ھەرێم و خەڵکیش دەنگی بۆ سەقامگیری داوە، بۆیە ھیوادارین سەردانەکان بەردەوام بن و شۆڕ ببنەوە بۆ ئاستی مەڵبەند و لقەکان و کۆمیتە و ناوچەکان نەک پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی باڵا بن."



سەعدی ئەحمەد پیرە گوتیشی: "پارتی شاندێکی بۆ سەردانی لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەت ئامادە کردووە و ئێمەش چاوەڕێی ھاتنیان دەکەین و سەردانی یەکەمیشیان بۆ لای یەکێتی دەبێت."

kdp-
Top