پەیامی دۆستایەتیی گەلی ھەرێمی کوردستان گەیاندرایە پەرلەمانی فینلەندا
لە کۆبوونەوەیەکی فەرمیی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی لاوانی سیاسیی جیھان لە شاری ھێلسینکی، پایتەختی وڵاتی فینلەندا، پەیامی دۆستایەتیی گەلی ھەرێمی کوردستان گەیاندرایە نێو پەرلەمانی ئەو وڵاتە.
فەلاح حەسەن، ئەو لاوە کوردەی کە جێگری سەرۆکی ھەریەکە لە لاوانی سیاسیی جیھان و لاوانی سیاسیی ئەورووپایە، بە ڕاگەیاندنەکانی KNLی فینلەندای ڕاگەیاندووە: "جگە لە بەشداریکردنی شاندی ئێمەی لاوانی سیاسیی کوردستان لەم کۆبوونەوە فەرمییەدا، سڵاو و پەیامی دۆستایەتیی گەلی ھەرێمی کوردستانیشمان ھێناوە بۆ پەرلەمان و گەلی فینلەندا."
جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسیی جیھان لە بەشێکی قسەکانیدا گوتوویەتی: ئێستا بەشێکی زۆری ھاونیشتمانیانی ھەرێمی کوردستان لە فینلەندا دەژین و ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەیان ھەیە و بەشێکی گرنگن لە کۆمیۆنیتی فینلەندا کە بووەتە ھۆی بەھێزکردنی ھەست و سۆزی دۆستانەی ھەردوولا."
فەلاح حەسەن لە کۆتاییدا سوپاسی ئەندامانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە و پارتی کەی ئێن ئێڵی کردووە کە پێشوازییان لە پەیامی دۆستایەتییەکە کردووە و بڕیار دراوە پەرە بە دۆستایەتییەکان بدرێت.
شایەنی باسە کۆبوونەوەی ئەمجارەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی لاوانی سیاسیی جیھان بە نوێنەرایەتیی ٣٩ وڵات دەستی پێ کردووە و بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ بەردەوامە.
kdp-
