وردەکاریی دروستکردنی دەزگای کۆنترۆڵکردنی دەرمان

وردەکاریی دروستکردنی دەزگای کۆنترۆڵکردنی دەرمان
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، دەزگایەکی تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی دەرمان دادەمەزرێت، بەمەش دەتواندرێت بە تەواوی ھاوردەکردنی دەرمان لە دەرەوە کۆنترۆڵ بکرێت، چونکە تەنیا یەک کۆمپانیا مافی ھاوردەکردنی دەرمانی دەبێت و ھەر شوێنێکی دیکە دەرمان ھاوردە بکات بە قاچاغ ھەژمار دەکرێت.



بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، دەزگای کۆنترۆڵی خۆراک و دەرمان لە ھەرێمی کوردستان دادەمەزرێت، سەبارەت بە وردەکاریی دامەزراندنی دەزگاکە، د. خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی دامەزراندنی ئەو دەزگایە لە ئەنجومەنی وەزیرانە و چاوەڕێین بەم زووانە ڕەزامەندیی لەسەر بدرێت و ڕێنمایی بۆ دامەزراندنەکەی دەربکرێت و دەست بە دروستکردنی بکرێت."



د. خاڵس قادر گوتیشی: "دروستکردنی ئەو دامەزراوەیە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەرمان لە ھەرێمی کوردستان، چونکە تەنیا یەک کۆمپانیا دەتوانێ دەرمان ھاوردە بکات و سەرچاوەی درمان دیار دەبێت و نرخەکەی کۆنترۆڵ دەکرێت و ئیدی ھاوردەکردنی دەرمانی قاچاغ نامێنێت و دەرمانی کوالیتی بەرز و ستاندارد ھاوردە دەکرێت، بۆیە بە جێبەجێکردنی ئەم کارە بەشێکی زۆری کێشەی دەرمان چارەسەر دەبێت."



قادر باسی لەوەش کرد: "ئەگەر ئەو کۆمپانیایە دامەزرا ئەوکات ھەر جۆرە دەرمانێک جگە لە ئەو ھاوردە بکرێت بە قاچاغ ھەژمار دەکرێت، بۆیە کۆنترۆڵی دەرمان زۆر ئاسان دەبێت و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە دروستکردنی ئەو دامەزراوەیە دەکرێت."
kdp-
Top