مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا ئامادەکاریی بۆ یادی لەدایکبوونی مەسیح دەکەن

 مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا ئامادەکاریی بۆ یادی لەدایکبوونی مەسیح دەکەن
دوای چوار ساڵ لە داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا ئامادەکاریی بۆ رێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (د. خ.)، دەکەن.

ئێڤا ئیلیاس، چالاکوانی مەسیحی لە دەشتی نەینەوا رایگەیاند، دوای چەند ساڵێک لە ئاوارەبوونیان، ئەمساڵ مەسیحییەکان بە ئازادی و لەژێر سایەی پێشمەرگە رێوڕەسمەکانی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح، لە تەلسقۆف دەکەنەوە.

ئەو مەسیحییانە، دوای داگیرکاریی داعش و هەرەسهێنانی سوپای عێراق، ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون و لە کوردستان بە ئازادی دەژیان.

مەرعان مەرعان، ئەندامی فەرماندەیی سپیلک لە میحوەری تەلسقۆفی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان رایگەیاند، دوای تەواوبوونی شەڕی دژی داعش و حەشدی شەعبی، مەسیحییەکان گەڕاونەتەوە ئەو ناوچانەی هێزەکانی پێشمەرگە بەڕێوەی دەبەن.

مەرعان مەرعان هەروەها رایگەیاند، پێشمەرگە بەبێ هیچ جیاوازییەک، هەموو نەتەوە و ئاینەکانی کوردستان دەپارێزێت و ئارامیی و سەقامگیری بۆ رێوڕەسمەکانیان دابین دەکات.

لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی نەینەوا لە مانگی 10ـی 2016، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هەموو ناوچە مەسیحینشینەکانی دەشتی نەینەوایان رزگار کردەوە پێشمەرگە خاچی سەر چەندین کڵێسای دانایەوە و زەنگی نوێژی مەسیحییەکانی دوای داگیرکاریی داعش، لێدرایەوە.

لە کوردستان پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو نەتەوە و ئاینەکان بەشێوەیەکی ئاشتیانە بەیەکەوە دەژین و بەشداریی خۆشی و ناخۆشییەکانی یەکتر دەکەن.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.










باسنیوز
Top