سەعدی پیرە: یەکێتی چاوەڕوانی شاندی پارتی دەکات

 سەعدی پیرە: یەکێتی چاوەڕوانی شاندی پارتی دەکات
گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، نەیارانی حزبەکەی و پارتی دیموکراتی کوردستان، هەوڵی چاندنی تۆوی دووبەرەکی لەنێوان هەردوو لایەنەکە دەدەن.

لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ عارف تەیفوور، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتی ئاشکرای کرد: ”نەیارانی یەکێتی و پارتی هەوڵی چاندنی تۆوی دووبەرەکی لەنێوان ئەو دوو لایەنە دەدەن“، بۆیە هیوای خواست، پەیوەندییەکانی هەردوو لایەنەکە بۆ ئاستی مەڵبەند و لقەکان شۆڕ ببنەوە.

سەعدی پیرە ئاشکرای کرد کە یەکێتی چاوەڕێی سەردانی شاندی پارتی دەکات و ”لەم دوو ڕۆژەدا گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت دست پێ دەکەن“.

لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی گفتوگۆکانیش، جەختی کردەوە: ”بەشێکی پەیوەندی بە یەکلانەبوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بوو، لەمێژ نییە ئەنجومەنی دادوەری ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسەند کردووە، ئێستا یەکێتی چاوەڕێیە و پارتی ئاگاداری کردوونەتەوە کە دەستەیەکیان بۆ سەردانی لایەنەکان ئامادە کردووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا باسی لە ڕەوشی کەرکووک کرد و نەیشاردەوە: ”هەمووان مەجبوورین کە کێشەکان چارەسەر بکرێ و پارێزگارێک دەستنیشان بکرێت. شۆڤێنییەکانی ناوچەی کەرکووک سوود لەساردیی پەیوەندیی نێوان هەردوو حزب وەردەگرن و دەبێ پارتی و یەکێتیش هەست بکەن کە چەند ئاسانە قۆستنەوەی ناکۆکییەکان“.

لەلایەن خۆیەوە عارف تەیفوور، ڕای گەیاند: ”ئێمە ئەوەمان ڕاگەیاند کە دەمانەوێ چوار ساڵی ئایندە بە دڵنیاییەوە لە نێوان ئێمە و یەکێتی پێکەوە“. جەختیشی کردەوە کە لە داهاتوودا پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەهێزتر دەبن.









باسنیوز
Top