گۆڕان بانگەشەیەکی یەکێتی بەدرۆ دەخاتەوە

 گۆڕان بانگەشەیەکی یەکێتی بەدرۆ دەخاتەوە
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان، بانگەشەکردنێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و میدیاکانی یەکێتی بەدرۆ دەخاتەوە کە باسیان لە پەیوەندیکردنی بەلێشاوی هەڵسووڕاوانی گۆڕان بە یەکێتی دەکرد.

فەرمان مەجید، سکرتێری مەکۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، میدیای یەکێتی پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە گوایە هەڵسووڕاوەکانی گۆڕان بەلێشاو وازیان ھێناوە، یان پەیوەندییان بە ڕیزەکانی یەکێتییەوە کردووە، بەڵام ”سەرلەبەری ئەو ھەواڵانە درۆیە و ھیچ ڕاستییەکی تێدا نییە، چونکە ئێمە لەناو خەڵکداین و دەزانین لایەنگرەکانمان چەندە ئومێدیان بە گۆڕان ھەیە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە یەکێتی بەو جۆرە ھەوڵانەی، ”ھیچ کات ناتوانێ پێگەی گۆڕان لاواز بکات، چونکە گۆڕان حزبێکە خاوەنی جەماوەری خۆیەتی و ئەو جەماوەرەی ئێمە ھەڵەی گۆڕان و لایەنەکانی دیکە قەبووڵ ناکات“. ئەوەشی نەشاردەوە کە جەماوەرەکەیان ڕێگە نادەن ”گۆڕان خۆی تەسلیمی یەکێتی بکات“. بەڵکوو ”گۆڕان بەخۆیدا دەچێتەوە، بەجۆرێک لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆنفرانسی نیشتمانی ئەنجام دەدات و گۆڕانکاری لەسەرجەم ئۆرگانەکانیدا دەکات، بۆیە گۆڕان ئەو ھێزە نییە یەکێتی بتوانێ بچووکی بکاتەوە“.









باسنیوز
Top