لە هەولێر یادی سەد ساڵەی کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی کرایەوە
لە هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە کۆمەڵەی دۆستایەتی کوردستانی – پۆڵەندی بە بۆنەی یادی سەد ساڵەی کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی ڕێوڕەسمێکی ڕێک خست و تێیدا کۆمەڵێک وتار و چالاکی ئەنجام دران.
عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە گوتەیەکدا سپاسی وڵاتی پۆڵەندای بۆ ئەو ڕێوڕەسمە و چالاکییە کرد و دواتر دۆمێنیك موسیا کۆنسووڵی پۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا ڕای گەیاند: "ئێمە بە بۆنەی یادی سەدا ساڵەی کۆتاییهاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی و هاوکات یادی دوو سەد ساڵەی دامەزراندنی پۆڵەندا ئەمڕۆ لە هەولێر کۆمەڵێک دار دەچێنین".
ئاماژەی بەوەش کرد: "پاش شەڕی یەکەمی جیهانی و چەندان شەڕی دیکەی ماڵوێرانکەر لە ئاستی دنیا کە بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە چل ملیۆن ئینسان، بەڵام دوایی چەندان ئیمپراتۆریی جیاجیا لەناو بران، وەک ئیمپراتۆریەتەکانی "عوسمانی، ئەڵمانی، ڕووسی، نەمسایی و هەنگاری" و دامەزراندنی چەندین دەوڵەتی نوێ لە ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆخی جیهان گۆڕانکاریی بەسەردا هات".
لە کاتێکدا ئەو هەموو جەنگ و ئیمپراتۆری و ڕێککەوتنە جۆراوجۆرانە هاتن و چوون و دەیان بەڵێنی بە کورد دراوە کە ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، هەرچەند لە کوردستان یادی سەد ساڵەی کۆتاییهاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی دەکرێتەوە، بەڵام بە پیلانی ئیقلیمی و بە ئامرازی ناوخۆیی نەهێڵراوە هەتا ئێستا کورد ببێتە خاوەن دەوڵەت و خەون و ئامانجەکانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بە سڕکراوی ماونەتەوە و کورد لێی پاشگەز نییە و پێداگرییان لەسەر دەکات و هەوڵیان بۆ دەدات.
Basnews
