ھاوپەیمانان بە چڕی سنووری مەخموور بۆردوومان دەكەن
لیوا زریان شێخوەسانی، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەعات ھەشتی بەیانیی ئەمڕۆ، ھاوپەیمانان لە سنووری چیای قەرەچووغ بەرانبەر گوندی عەلی ڕەش، بۆردوومانی مۆڵگەكانی داعشیان كرد، چونكە جموجۆڵیان بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و مەترسییەكی جیددین بۆ سەر ناوچەكە".
لیوا زریان گوتیشی، لەو بۆردوومانەدا داعش زیانی زۆریان بەركەوتووە، بەڵام ھێشتا دیار نییە چەند تیرۆریست كوژراون.
شێخوەسانی، هەروەها ڕوونیشی كردەوە: "لە چیای قەرەچووغ و قەراج و حلوات تا دەگاتە شەرگات، تیرۆریستانی داعش بوونیان ھەیە و ژمارەیان زۆر زیادی كردووە ، چونكە لە ژێر دەستەڵاتی ھێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، بۆشایی ئەمنی دروست بووە، بۆیە داعش سەری ھەڵداوەتەوە، ئەگەر نا لە سنووری ئێمە نییە و ئێمەیش بەردەوام لە ئامادەباشیداین".
دەشڵێ: "تیمی ھاوپەیمانان بەردەوام سەردانی ناوچەكە دەكەن و ھەست بە مەترسی دەكەن، بۆیە بۆردوومانی مۆڵگەكانی داعش دەكەن، ئێمەیش ئاگادارمان كردوونەتەوە لەوەی كە تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە، ئەمنییەت لە ناوچەكەدا بەرقەرار نابێت".
kdp-
