پەرستگای لالش و پرا دەلال نۆژەن دەكرێنەوە
پەرستگای لالش، كە گەورەپەرستگای كوردانی ئێزدییە لە سەرتاسەری دونیادا، دەكەوێتە باكووری قەزای شێخان، لە نێوان سێ چیادایە و شوێنێكی گرینگە لە كوردستان و بە هەزاران گەشتیار سەردانی دەكەن، لەو بارەیەیشەوە، ئەندازیار خالید نەرمۆ، سەرۆكی شارەوانیی شێخان و یەكێك لە سەرپەرشتیارانی نۆژەنكردنەوەی پەرستگەكە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئێستا لە قۆناغی نۆژەنكردنەوەی نێو پەرستگای لالشداین و ئامانجیشمان ئەوەیە كە پەرستگاكە بۆ شێوازی جاران بگەڕێنینەوە".
نەرمۆ دەشڵێت: "دەمانەوێت ئەو گۆڕانكاریانەی بە هەڵە لە لالش كراون، لایان ببەین و بۆ شێوازی پێشووی بگەڕێنینەوە".
پرا دەلال، یەكێكە لە شوێنە شوێنەوارە گەشتیارییەكان لە پارێزگای دهۆك و دەكەوێتە سەنتەری قەزای زاخۆ، لەو بارەیەیشەوە، محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "نۆژەنكردنەوەی پردی دەلال لە قۆناغی كۆتاییدایە و ئەوەی ماوە تەنیا جوانكارییە".
ئەحمەد گوتیشی: "نۆژەنكردنەوەكە بەپێی مەرجەكانی یونسكۆیە و هەموو مەرجەكانیش لە بەرچاو گیراون، ئەگەر ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەریش نەبوونایە، پێشوەختە تەواو دەبوو"
kdp-
