سەرۆكی دەستەی ئاماری ھەرێم: ھەوڵەكان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی بەردەوامن
زۆرێك لە پرسەكانی عێراق، گرێ دراون بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق و چەندین ساڵیشە بە بیانووی جیاوازەوە بەغدا ئەو پرسە دوا دەخات. لەو بارەیەوە، سیروان محەممەد، سەرۆكی دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "بە مەبەستی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی، ئەمساڵ دوو كۆبوونەوە لە نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكاندا بەڕێوە چوونە، ئەمە ئامادەكاری و ھەنگاوی یەكەمە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی لە عێراق، بەڵام لە ئەنجامی ئەو كۆبوونەوانەدا ھیچ بڕیارێكی كۆتایی نەدراوە لەبارەی سەرژمێرییەوە، لەگەلە ئەوەیشدا بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داھاتوو، حكوومەتی عێراق رادەسپێردرێت بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری و ھێشتا نازانین ئەو بودجەیە چەندە كە بۆ پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی دابین دەكرێت".
ھەرێمی كوردستان دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق پێداگریی لەسەر ئەنجامدانی سەرژمێریی كردووە، چونكە بەردەوام لە ڕووی دابینكردنی بودجە و ھەموو مافەكانی ھەرێمی كوردستان، بەغدا ستەم لە ھەرێمی كوردستان دەكات و بەپێی رێژەی دانیشتووانی ھەرێمی كوردستان مافی ھاووڵاتیانی ھەرێم دابین ناكات، سەرۆكی دەستەی سەرژمێریی ھەرێمی كوردستان دەڵێت: "ئێمە وەك ھەرێمی كوردستان پێداگری دەكەین و جیددین لەسەر ئەوەی كە ئەگەر حكوومەتی عێراق پابەند بێت بەو بڕیارەوە كە لە بودجەی ساڵی دابێت ھاتووە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری، ئەوا ئێمە وەك ھەرێمی كوردستان ئامادەین".
لەبارە ھەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی لە عێراق، محەممەد ئاماژەی دا: "نەتەوە یەكگرتووەكان ھاوكاریی تەكنیكی پێشكەش بە پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق دەكات، لە ساڵانی نێوان ٢٠٠٨ تا ٢٠١٠ لیژنەیەكی تەكنیكیی نێودەوڵەتی دروست بوو تا ھاوكاریی پڕۆسەكە بكەن و ژمارەیەك وڵاتی جیھان بەشدارییان تێدا كرد، تا پڕۆسەی سەرژمێری لە عێراق بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێت، ئەم جارەیش بە ھەمان شێوەیە و نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی جیھان لە ڕووی تەكنیكییەوە ھاوكاریی عێراق دەكەن بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی".
kdp-
