حەشدی شەعبی لە بازگەکان سووکایەتی بە شۆفێرانی کورد دەکەن
چەندین شۆفێری کورد کە لە هێڵی کەرکووک هەولێر کار دەکەن گلەیی ئەوەیان کردووە کە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە گێچەڵیان پێ کراوە و ئەشکەنجە دراون و سووکایەتییان پێکراوە.
لەو بارەیەوە عەقید گۆران عەبدوڵا، گوتەبێژی ئاسایشی کەرکووک ڕایگەیاند: "بەدڵنیاییەوە ئەو زانیارییانە ڕاستن، ئەو مامەڵەکردنەش تەنیا بۆ شۆفێری بارهەڵگر نییە، بەڵکوو هەر کەسێک بۆ هەر مامەڵەیەک سەردانی کەرکووک دەکەن وایە".
ڕوونیشی کردەوە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ئەو دەسەڵاتەی لە کەرکووک سەپێنراوە، مامەڵەیان بەرامبەر بە کورد ناشیرینە و بەتایبەت لە بازگەکاندا مامەڵەیەکی نەشیاو دەکرێت و ناوی کورد لە کۆمپیوتەری تایبەت دانراون و تەنیا بۆ ئیستفزازکردن و شکانی شکۆیانە، جگە لەوە هیچی دیکە نییە".
بەرپرسی ئاسایشی کەرکووک گوتیشی: "دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئامارێکی مەترسیداری ئەمنی لە کەرکووک تۆمار کراوە، کە چوار هەزار و ٧٨٣ حاڵەتی جۆراوجۆرن و پێکهاتوون لە دزی، ڕفاندن، کوشتن... هیتر تەنیا لەم مانگەدا ١٥٩ حاڵەتی جۆراوجۆری ئەمنی تۆمار کراوە، ئەو دۆخەی لە کەرکووک هەیە ناهەموارە و نابێ بەو شێوەیە بمێنێتەوە، ئەوەش پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسی و یەکڕیزیی ناو ماڵی کوردە“.
لەمبارەوە شۆفێر تەکسییەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاند لەم ڕۆژانەدا چەند موسافرێکم بردە شارۆچکەی پردێ، کە کرێیەکەی 50 هەزار دینار بوو، چەکدارانی حەشدی شەعبی بێ هیچ بیانوویەک بە "مێک زەمینی"یەکی سەربازی شۆختیان خستە ناو سەیارەکەم و بای یەک هەزار و 300 دۆلار خەسار و زەرەریان پێ گەیاند".
هەر لەو بارەیەوە کەمال کەرکووکی بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی ڕایگەیاند: "من ئاگام لەو بابەتەیە، بەڵام نامەوێ هیچی لەسەر بڵێم، چونکە شارێک داگیر کرابێت، ئەبێ چاوەڕێی چی لێ بکەین؟".
باسنیوز
