بەهۆی بە مەڵبەندبوونی دادگاوە سەرۆکی دادگایەکی سلێمانی دەستی لەکار کێشایەوە

 بەهۆی بە مەڵبەندبوونی دادگاوە سەرۆکی دادگایەکی سلێمانی دەستی لەکار کێشایەوە
سەرۆکی دادگای نەوجەوانانی سلێمانی و ئەندامی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، دەست لەکار کێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ شەممە ١٠ی ١١ی ٢٠١٨، حاکم شێخ لەتیف، سەرۆکی دادگای نەوجەوانانی سلێمانی و ئەندامی ئەنجومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان، لە پرێس کۆنفرانسێکدا دەست لەکار کێشانەوەی خۆی لە ئەنجومەنی دادوەری ڕاگەیاند و هۆکارەکەی بۆ بە مەڵبەندبوونی دادگا گەڕاندەوە.

حاکم شێخ لەتیف ئاماژەی بەوە کرد: ”دادگاکانی کوردستان بوونەتە درێژکراوەی لق و مەڵبەندەکان، بۆیە دەست لەکار دەکێشمەوە“.

ڕەخنەی ئەوەشی گرت کە دەسەڵاتی دادوەری ”ڕۆژ بە ڕۆژ دەبێتە پاشکۆی حزب و حکوومەت“، لە کاتێکدا ”ئەگەر سەربەخۆ بێت، دەبێتە چەترێک بۆ هەمووان، چونکە دەسەڵاتی دادوەری ھی خەڵک و حکوومەتە و بێلایەنە“.

حاکم شێخ لەتیف جگە لە کارکردنی وەکوو دادوەر لە هەرێمی کوردستان، کاری سیاسیش ئەنجام دەدات و پێشتر پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان بووە.

بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی دادوەری و دەسەڵاتی دادوەری بە گشتی، دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە و هاوتەریبی پەرلەمان و حکوومەت کارەکانی بە سەربەخۆیی ئەنجام دەدات.












باسنيوز
Top