یەکێتی دەیەوێت مەرجێک بۆ گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو دابنرێت

 یەکێتی دەیەوێت مەرجێک بۆ گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو دابنرێت
بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێرش دەکاتە سەر هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی و داوا دەکات ئەگەر لە حکوومەتدا بەشدارییان پێ بکرێت، مەرجێکیان بۆ دابنرێت.

ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسیراوی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: ”لە کابینەی پێشووی حکوومەتدا ھەریەکە لە گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو بەشداربوون، بەڵام ھەموویان وەک ئۆپۆزسیۆن قسەیان دەکرد، ئێستاش لە حکوومەتە خۆجێییەکاندا وەک ئۆپۆزسیۆن قسە دەکەن، بۆ نموونە پارێزگاری سلێمانی گۆڕانە و دەڵێن ئەوە وایە و ئەمە وایە، لە کاتێکدا بەرپرسی شار بەرپرسیارە لە ھەموو شتێکی ئەو شارە“.

بەرپرسەکەی یەکێتی پێیوایە کە دەبێت مەرج بۆ ئەو لایەنانە دابنرێت کە بەشداری لە حکوومەتدا دەکەن و نایشارێتەوە، ناکرێت ئەوەی بەشداری لە حکوومەتدا پێ دەکرێت، ”دواتر وەک ئۆپۆزسیۆن قسە بکات“، چونکە ئەگەر لە حکوومەتدا بن، ئەوا دەبێ لە شتی باش و خراپدا ھاوبەش بن، چونکە ئۆپۆزسیۆن وەک ئۆپۆزسیۆنە و حکوومەتیش ھەروا، ھەریەک لەوانە بەجیا ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت، بۆیە ”ناکرێت خەڵک لە حکوومەت بێ و لەولاشەوە ئۆپۆزسیۆن بێت“.









باسنیوز
Top