یەکێتی و بەرهەم ساڵح لە یەکەمین هەنگاویاندا بەرامبەر هاوپەیمانی شکستیان هێنا
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتووە، لە ماوەی ڕابردوودا، یەکێتی فشارێکی زۆری کردووەتە سەر بەرهەم ساڵح کە لەپێناو کورسیی سەرۆک کۆماری عێراق، وازی لەو حزبە هێنا کە پێشتر درووستی کردبوو، هەرچەندە خۆی ئەو کارەی بە ”بێحورمەتی“ وەسف کردبوو.
فشارەکەی یەکێتی بۆ سەر بەرهەم ساڵح بۆ ئەوەیە کە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی بدات، چونکە یەکێتی پێیوایە هاوپەیمانیش لە ناوچەکانی ناسراو بە زۆنی سەوز کارەکانی دەکات و بەشێکی دیکە لە دەنگەکانی یەکێتی کەم دەکاتەوە.
هەر لە چوارچێوەی ئەو هەوڵەدا، دوێنێ هەینی ٩ی ١١ی ٢٠١٨، هەریەک لە عەبدولباری مەجید و رێبوار کەریم، پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ئەوەیان ڕاگەیاند کە ئەوان فەرمان لە بەرهەم ساڵحەوە وەردەگرن و پێیانوایە بەردەوامبوونی هاوپەیمانی ”بە جۆر و پێکهاتەی ئێستای“، باش نییە.
لە بەرهەم هەوڵەکانی بەرهەم ساڵح بۆ هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی، هەر دوێنێ هەینی، کۆبوونەوەیەکی گشتی بە بەشداریی ٣٥٠ ئەندامی دیاری خۆی ئەنجام دا و تێیدا بڕیاری دا ناوەکەی بۆ (هاوپەیمانی نیشتمانی) بگۆڕێت و ئارام قادریش وەک سەرۆک هەڵبژێرێت.
ئەم هەوڵانەی بەرهەم ساڵح لە دژی هاوپەیمانی، گەیشتووەتە ئاستێک کە حزبەکە ئەو بارەگایانەشی چۆڵ بکات کە لە سەردەمی بەرهەم ساڵحدا کراونەتەوە، بەپێی زانیارییەکان، بەشێکی چۆڵکردنەکەش پەیوەندی بە گومانی بەرپرسانی هاوپەیمانییەوە هەیە لە دانانی ئامێری نهێنیی بیستنی دەنگ و ڕەنگ لەنێو بارەگاکاندا.
لەمبارەیەشەوە عوسمان گوڵپی، گوتەبێژی ھاوپەیمانیی نیشتمانی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بڕیاری ئەوەمان داوە کە درێژە بە ھاوپەیمانی بدەین و ناکرێ بەھەمان ناوی پێشوو کاری سیاسی بکەین“.
ڕوونیشی کردەوە، بەرھەم ساڵح بە فەرمی وازی لە ھەوپەیمانی ھێناوە، بۆیە ”جگە لە ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی و دامەزرێنەران و ھاودیدانی ھاوپەیمانی، بۆچوونی ھیچ کەسێک لە دەرەوەی ھاوپەیمانی قەبوڵ ناکەین و ڕێگە نادەین ھیچ کەسێک سیاسەتمان بۆ دابڕێژێت“.
لەبارەی هۆکاری گۆڕینی بارەگاکانیان، گوتەبێژی هاوپەیمانی تەنیا گوتی: ”لەبەر ھەندێک ھۆکارەوە بارەگاکانی ڕابردوو بەکار ناھێنینەوە، چونکە ئەگەر بارەگاکانی ڕابردوو بەکار بھێنینەوە، ڕەنگە ناونیشانی کەسێکی دیکەی پێوەبێت، دواجار ئێمە بڕیارمان داوە درێژە بە کاری سیاسی بدەین، بۆیە دەبێ ھەموو شتەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی ھاوپەیمانیی نیشتمانیدا بێت“.
باسنیوز
