داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکرێ یاسای زمانی کوردی دەربکات

 داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکرێ یاسای زمانی کوردی دەربکات
نووسەر و ڕۆشنبیرێکی کورد لە نووسینێکدا داوا دەکات، پەرلەمانی کوردستان لەم خولەی خۆیدا یاسایەک لەبارەی زمانی کوردییەوە دەربکات.



سەرکاو هادی، نووسەر و ڕۆشنبیری کورد، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، بەپێویستی زانیوە کە پەرلەمانی کوردستان یاسایەک لەبارەی زمانی کوردییەوە دەربکات. ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە: "پێویستە بێگانەکانی کوردستان دەبێ فێری کوردی ببن و تا بڕوانامەی فێربوونیان نەدەن (بەشێک بێت لە سیڤی)، کاریان پێ نەدرێ".



ئاماژەی بەوەش داوە: "ئەمە بەدەر لەوەی زمانی کوردی و کەلتوورمان دەپارێزێت، ھەلی کاریش دەستەبەر دەکا بۆ دەیان مامۆستا کە دانەمەزراون و دەتوانن قوتابخانەی تایبەت بکەنەوە بۆ فێربوونی زمانی کوردی بۆ بێگانەکان لە کوردستان. دەبێ قەدەغە بێت و باج بدەیت، ئەگەر ئیش بە کەسێک بدەیت کە کوردی نەزانێت".



ئەو نووسەرە کوردە باسی لەوە کردووە کە دەستووری عێراق زمانی کوردی و عەرەبی لە عێراقدا هاوتا کردووە و تەنانەت پێیوایە کە دەبێت بەشێک لە وتاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە زمانی کوردی بخوێندرێتەوە.



بۆیە داوای لە هەموو لایەک کردووە، پەرلەمانی کوردستان و سیاسییەکان ناچار بکەن، ئاوڕ لەو بابەتە گرنگە بدەنەوە ”کە بەشێکە لە سەروەریی نەتەوە و ئاسایشی نیشتیمانی و سۆفت پاوەر".





باسنیوز
Top